حەیدەر شەشۆ: حەشدی شەعبی پێشێلکارییەکی زۆری لە شنگال هەیە و هەڵدەکوتنە سەر ماڵان

 حەیدەر شەشۆ: حەشدی شەعبی پێشێلکارییەکی زۆری لە شنگال هەیە و هەڵدەکوتنە سەر ماڵان
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە شنگال ئاشکرای کرد، حەشدی شەعبی پێشێلکارییەکی زۆری لە شارەکەدا هەیە و هەڵدەکوتنە سەر ماڵان. هاوکات ئەوەی نەشاردەوە کە داخستنی ڕێگەی نێوان هەرێمی کوردستان و شنگال کاریگەریی خراپی بەسەر دۆخی خەڵک لەو ناوچەیە دەبێت.

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان، ڕایگەیاند، دۆخی ئێستا کاریگەری لەسەر خەڵکی شنگال هەبووە و ”ئەگەر ڕێگەی گواستنەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و شنگال نەکرێتەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی خەڵک دەبێت“.

ئاماژەشی بەوە کرد کە ئێستا حەشدی شەعبی لە قوتابخانە و دامەزراوەکانی حکوومەت لە شنگال دەرچوون، بەڵام ”پێشێلکارییان زۆرە، لەسەر کارگەی چەمەنتۆ و کەلوپەلی یەدەگ و کارگەکەیان وێران کردووە. هەروەها خەڵک دێنن لە کەمپەکان دایاندەنێن، خەڵکیش ئەوەیان پێ ناخۆشە“.

حەیدەر شەشۆ ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە ”تاڕادەیەک“ دۆخی ئەمنیی شنگال باشە، بەڵام ”هەڵکوتانە سەر ماڵان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە هەیە“ و هێزەکەی ئەوانیش لە تەواوی سنووری شنگالدا ماون.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 17ی ئۆکتۆبەر، فەرماندەیی میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، پێشمەرگەکانی ئێزدی کە ژمارەیان 8 هەزار پێشمەرگەیە، لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی خوێن نەڕژێت و حەشدی شەعبی چوونەتە ناو شاری شنگال.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.











باسنیوز
Top