ئەندامێکی م.س بزووتنەوە: یەکێتی دانی بەوەدا ناوە کە 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت کراوە

 ئەندامێکی م.س بزووتنەوە: یەکێتی دانی بەوەدا ناوە کە 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت کراوە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان باسی لەوە کرد کە ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت بووە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی دانی بەوەدا ناوە.
ئەنوەر عەنەبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوە بە ڕایگەیاند: "ئەوەی لە 16ی ئۆکۆتبەر ڕووی دا، یەکێتی خۆیشی دەڵێت و دانی پێدا ناوە کە خیانەتە“.

دەشڵێت: ”بەداخەوە بۆ ئەوەی ڕووی دا، ئەمرۆش عێراقی ھێزی ھێناوەتە سەر گەرمیان، دەیانەوێت فشار لەسەر کورد بکەن، تاوەکوو ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق کورد سازش بکات“.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوە نەیشاردەوە کە کورد لە دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ”زۆر شتی لەدەست دا".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.










باسنیوز
Top