عه‌مید سه‌رحه‌د قادر سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و دادوه‌ره‌ تۆمار ده‌كات كه‌ فه‌رمانى گرتنى بۆ ده‌ركردووه‌

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و دادوه‌ره‌ تۆمار ده‌كات كه‌ فه‌رمانى گرتنى بۆ ده‌ركردووه‌
به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و شاره‌دێكانى كه‌ركووك، ئاشكرای ده‌كات، ده‌ركردنى فه‌رمانى ده‌ستگیركردنی دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ساڵى 2014 دا ژماره‌یه‌ك تیرۆریست له‌ شارى دووبز ئازادكراون و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆكارى په‌لاماردانى ماڵى دادوه‌ر و سووتاندنى، له‌كاتێكدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌و ڕووداوه‌وه‌ نه‌بووه‌.


عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و شاره‌دێكانى كه‌ركووك، له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باسنیوز) نێردراوه‌، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "هۆكارى ده‌ركردنى فه‌رمانى ده‌ستگیركردنم بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ 13/ 4/ 2014 دا له‌ شارى دووبز، چه‌ند كه‌سێك ئازادكراون كه‌ تۆمه‌تى تیرۆریان له‌سه‌ر بووه‌، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و ڕۆژێك دواتر ئۆتۆمبێلێكى دادوه‌ره‌كه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ و دواى ئه‌و ڕووداوه‌ش كۆمه‌ڵێك گه‌نج وه‌كو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك په‌لامارى دادگا و ماڵى دادوه‌ریاندا و سووتاندیان".


ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات، كه‌: "دواى 3 ساڵ له‌و ڕووداوه‌ دادوه‌رێك به‌ماده‌ى 4 ى تیرۆر سكاڵاى له‌سه‌ر من و چه‌ند كه‌سێكى تر تۆمار كردووه‌، له‌كاتێكدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌ ڕووداوه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ئه‌و كاته‌ش ڕێكاری یاساییمان گرته‌به‌ر و تاوانبارانمان سزادا".


به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زا و شاره‌دێكانى كه‌ركووك، ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ 315 كه‌س له‌گه‌ڵیدا له‌شه‌ڕى تیرۆریستاندا شه‌هید بوون، نووسیویه‌تى: "برایه‌ك و 15 پۆلیسی نزیكى خۆم شه‌هید كراون، ته‌نها له‌ ساڵى ڕابردوودا زیاتر له‌ 240 تیرۆریستمان ده‌ستگیركردووه‌ و سه‌رجه‌میان سزادراون، له‌ 15 ساڵ زیندانیكردنه‌وه‌ تاوه‌كو له‌ سێداره‌دانیان بۆ بڕدراوه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ى گرنگى وه‌كو كوشتنى حه‌مه‌خانى حاجى دارا و ئه‌بو سه‌دام و محه‌مه‌د خه‌لیل و شێخ عه‌بدوڵا سامیمان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌ و تاوانبارانمان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌چی خۆمان به‌ماده‌ى تیرۆر تۆمه‌تبار كراوین".


هه‌روه‌ها، ئاشكرای كردووه‌، كه‌ زیاتر له‌ 14 جار برینداربووه‌ و به‌ده‌یان هاووڵاتى كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحی له‌ ده‌ست گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان ئازاد كردووه‌: "ڕۆژ هه‌بووه‌ تا چوومه‌ته‌ حه‌ویجه‌ و گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ 18 بۆمب به‌خۆم و هێزه‌كانمدا ته‌قیونه‌ته‌وه‌".


له‌كۆتایی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌یدا، عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، نووسیویه‌تى: "ئه‌وه‌ى دژ به‌ من كراوه‌، مایه‌ى گاڵته‌جاڕییه‌ و دادوه‌ر خۆى تۆمه‌تباره‌ به‌ ڕزگاركردنى تیرۆریست و له‌ هه‌ولێر سكاڵا له‌سه‌ر حاكم محه‌مه‌د تۆمارده‌كه‌م و سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانیش ده‌خه‌مه‌ڕوو"
bas news -
Top