ئەنەکەسە: پەیەدە هەڕەشەی لە خەڵکانێک کردووە نابێ بێنە دەنگدانەوە

 	 ئەنەکەسە: پەیەدە هەڕەشەی لە خەڵکانێک کردووە نابێ بێنە دەنگدانەوە
ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستان هەڵبژاردن دەکرێ و سەرکردەیەکی ئەنەکەسەیش دەڵێ، ئێمە بایکۆتمان کردووە و پەیەدەیش هەڕەشەی لە خەڵک کردووە کە نابێ بەشداربن بەتایبەت لەو خەڵکەی کە پەیەدە دەزانێ کە دەنگیان پێنادەن و لایەنگری ئەوان نین.


ئەمڕۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی خۆجێی لە رۆژئاوای کوردستان کە پەیەدە ناوی ناوە و دەستی بەسەر رۆژئاوا گرتووە، دەست پێدەکات. پەیەدە دەڵێن، نزیکەی ٨٠٠ھەزار کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ھەزار و ٢٨٥وێستگە کراونەتەوە و١٠ ھەزار و٢٨٠چاودێریش سەرپەرشتی ئەو ھەڵبژاردنە دەکەن. شاندێکی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکە لە رۆژئاوای کوردستانن. بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا ئەنەسەکە بەشداری ناکات و بایکۆتیان کردووە، چونکە هەڵبژاردنەکە بە ناشەرعی دەزانن.

(د.کاوە ئازیزی) ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، پەیەدە تاکلایەنە بڕیاریداوە ھەڵبژاردن ئەنجامبدات و بە زۆر شەرعیەت بداتە خۆی، دەیویست ئێمەیش بکەوینە ژێردەستەڵاتی ئەوان، بەڵام ئێمە بەھیچ شێوەیەک رازینەبووین و بەشداری هەڵبژاردنێک ناکەین کە تاکلایەنە بڕیاری لێدرابێ، بۆیە بایکۆتمان کرد.

دەشڵێ، خەڵکی بە رێژەیەکی زۆر بەشداری لەو هەڵبژاردنە ناکەن، دەزانن کە شەرعیەتی نییە، پەیەدەیش لای خۆیەوە هەڕەشەی کردووە لە خەڵکی کە بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەن، هەڕەشەی پەیەدە بە نانبڕین لە خەڵکی دەستی پێکردووە و دەڵێن، سووتەمەنی بەو کەسانە نادەین کە دێنە دەنگدان و دەنگیان پێنادەن، ڕێیش نادەین کار بکەن و دەوام بکەن.
ئاماژەیشی دا، کە خەڵکی لەبەر ئەو هەڕەشانەی پەیەدە ناوێرن بەشداربن، خەڵکێکیش هەیە لە ترسان دەچن دەنگیان پێدەدەن، هەڕشەی پەیەدەیش لەو کەسانەیە کە پەیەدە دەزانێت ئەگەربێنە دەنگدان دەنگ بە پەیەدە نادەن و لایەنگری ئەوان نین، بۆیە هەڕەشەی لێ کردوون.
kdp-
Top