خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ توێژێکی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێتە بێ بەرانبەر
د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: "لەسەر داواکاریی سەرۆکی کۆمەڵەی کورتە باڵاکانی کوردستان و بەھۆی ئەوەی کە بارودۆخی ئابوورییان باش نییە، داواکاریمان داوەتە سەندیکاکانی پزیشکان و پزیشکانی ددان، دەرمانسازی، شیکاران و بایۆلۆجی، داوامان لێ کردوون کە لەمەودوا چارەسەر و پشکنین و پێدانی دەرمان بۆ کورتە باڵاکان بێ بەرانبەر، یان بە نرخێکی کەم پێشکەشیان بکەن".
دەشڵێت: "پێمان وایە بەو ھەنگاوە خزمەتێکی کەم بە کورتە باڵاکان دەکرێت، بەتایبەت کە لە بارودۆخێکی ناھەموار دان و بەپێی گونجانیش لەو جۆرە ھەوڵانە بەردەوام دەبین و ھەوڵ دەدەین چین و توێژەکانی دیکەش بە تایبەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەو جۆرە خزمەتە سوودمەند بن".
باسنیوز
