کۆنگرەکانی ڕیاز و جنێف چارەی کێشەی کورد لە سووریا دەکەن؟
لە ماوەی ڕابردوودا دوو کۆنگرە بۆ چارەکردنی کێشەی سووریا ساز دران، یەکێک لە ڕیاز بە ناوی کۆنگرەی ڕیاز ٢ و ئەوی دیکە لە جنێف بە ناوی جێف ٨ بەڕێوە چووە. لەو کۆنگرانەدا داوای حکوومەتێکی ئینتقاڵی دەکرێت بۆ سووریا تا زەمینەیەک بۆ چارەکردنی کێشەکان بێتە ئاراوە.
(ئیبراهیم برۆ)، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە کۆنگرەی ڕیاز ٢ هەندێک شت چارە بوونە، بۆ نموونە کە ئایا سووریایی داهاتوو ئیسلامییە، یان عەرەبی، یان دیموکراتی و، ئێستا کۆنگرەی جنیف دەرفەتێکی زۆر باشە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت، چونکە چاومان لە دانانی دەستوورێکی نوێیە و گفتوگۆی کوردیش بەردەوامە و کوردیش بەشیک لەمەیە و، ئێمە قۆناغی سیاسی دەرباز دەکەین، بەڵام قۆناغی یاسایی ماوە، گفتوگۆکانمان بەردەوامە، بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییشەوە کورد جێگای بگرن.''
ئەو گوتیشی: ''لە کۆنگرەکاندا تا ئێستا ڕێژەی کورد کەمە و بۆ چارەکردنی کێشەی سووریا پێویستە پەیەدەش بێتە سەر هێڵ، ئەگەر بیەوێت کورد قازانج بکات لە کێشەی سووریادا، بەڵام ئێستا ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، تەنیا نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستانە، چونکە تا ئێستا پەیەدە نەیتوانیوە خۆی لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا ببینێت.''
پێش ئێستاش لە کۆبوونەوەی سۆچیدا ههریهكه له (ڤلادیمێر پوتین)، سهرۆكی ڕووسیا و (رهجهب تهیب ئهردۆغان)، سهرۆكی توركیا و (حهسهن ڕۆحانی)، سهرۆككۆماری ئێران بەڕێوە چوو، جۆرە بێئۆمیدییەکی لە شەقامی ڕۆژئاوای کوردستاندا دروست کردبوو، کە ئەوان لەسەر چارەنووسی سووریا ڕێک کەووتبوون، شارەزایانیش پێیان وابوو، کە کێشەی کوردیش لەدەستی ئەمانەدا لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدایە و چاوی کوردان زۆر لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە بوو.
پەیوەست بەمەش، (د. ئەکرەم ئۆنەن)، شارەزای سیاسی و میدیایە و پێشتر لە زانکۆی (ئۆرتۆکلۆ) تورکیا مامۆستا بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەڵیت: ''بەڕاستییش کۆبوونەوەی سۆچی کۆبوونەوە بوو لەسەر کورد و لەسەر کێشەی کورد بوو، بەڕاستییش ئەوان لە کۆبوونەوەکە نەگەیشتوونە هیچ ئەنجامێک، چونکە ڕووسیا پێی باشە ستاتۆیەک هەبێت و مافی کورد بە دەست کورد بیت و ڕووسیاش بە تورکیا و ئیرانی گوتووە، دەبێ کێشەی کورد چارە بکرێ، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا (پۆتین) ڕایگەیاند، دەبێت هێزە میللیەکان پشکداری کۆبوونەوەی سۆچی بن، ئەمەش مانای کورد بوو.''
(ئۆنەن)، گوتیشی: ''هەرچەندە ڕووسیا و ئەمەریکا لە سەر وەزیفیەکانی ناوچە گەیشتوونە ڕێککەوتن، چونکە هەردوولا پێیان وایە، کێشەی کوردیش لە دەستیان دەرکەووتووە، بەڵام هەندێک کێشە لە لایەن هێزە کوردییەکان هەیە، بەتایبەت پەیەدە، چونکە دیار نییە، کە چیی دەوێت لە ڕۆژئاوا، چونکە هەندێک جار بە ناوی سیستەمی فیدراڵی قسە دەکات و هەندێک جاریش بە ناوی ئۆتۆنۆمی دێتە گۆڕەپان، ئەمەش کێشەیەکی دیکەی ناوچەکەیە.''
ئەو گوتی: ''نەبوونی یەکگوتاریی حزبە کوردستانییەکان چانسی کوردی بۆ هەبوونی گرەنتییەکی نێودەوڵەتی کەم کردووە، بەڵام لە لایەکی دیکە چانسی کورد باشە، ئەویش نەبوونی یەکگوتاریی ئەو لایەنانەی کە لەسەر دۆزی کورد کار دەکەن.''
خەریکە داعش بە کۆتا بێت، تورکیا و ئیران هەوڵی ئەوە دەدەن، کە فیدراڵی و ئۆتۆنۆمیی کورد سەر نەگرێت و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتوەکان بەردەوامن لە ڕێگەی کۆنگرە یەک لە دوای یەکە کانی جنێف بۆ ئاساییکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی سووریا و لە دوایین کۆنگرەشدا، کە کۆنگرەی جنێف ٨ بوو، کوردیش لە ڕێزەی ئۆپۆزسیۆن پشکدارە و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریاش پشکداریی کردووە.
(برۆ)، دەربارەی ئەمە گوتی: ''ناکرێت پارتێکی کوردی لە کۆبانێ و عەفرین و قامشڵۆ دانیشتبێت و ئاواتی ئەوە بخوازێت کێشەی کورد لە سووریا چارە بکرێت، پێویستە بێتە نێو ئۆپۆزسیۆن و ئەگەر نا، با بێتە نێو باڵێکی لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن و دەبێت لەم کۆنگرە نێودەوڵەتیانەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ ئەوەی ڕێژەی کورد لە جیاتی ٦ کەس بگاتە ١٦ کەس لە نێو ئۆپۆسیۆن و ئێمەش بەشیک بین لە دانانی پاشەڕۆژی سووریا و چارەسەکردنی و کوردیش مافی خۆی بەدەست بێنیت.''
لەسەر دۆخی سووریا هەڵویستی لایەنەکان جیاوازن، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی هەموو لایەنێک دەکەن، کە لە چوارچێوەی کۆنگرەی جنێفدا بن و ئێستا تاران و مۆسکۆش پشتیوانیی ڕژێمی ئەسەد دەکەن و تورکیاش پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆن دەکات.
kdp-
