وڵاتانی ھاوپەیمان گرێبەستی ھاوکارییە سەربازییەکانییان لەگەڵ وەزارتی پێشمەرگە نوێ کردەوە
قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕايگەیاند: "ئەو وڵاتانەی مەشق بە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، لە ئەو چوار سەنتەری سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان،ە تا کۆتای ساڵی 2018 لەگەڵماندا دەمێننەوە، خۆیان ئاگاداریان کردینەوە کە لە مەشق پێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوکارییەکانییان بەردەوام دەبن".
جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، ئەوەشی خستە روو، کە وڵاتانی ھاوپەیمان کە بریتین لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و ھەندێک وڵاتی دیکە، کە خۆیان بڕیار لەسەر مانەوە، یان ڕۆشتنیان دەدەن، بەڵام ئێستا ئەوانیان ئاگادار کردووەتەوە کە لە کوردستان دەمێننەوە بەردەوام دەبن، ئەوەش بەو مانایە دێت کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکانیان نوێ کردووەتەوە، گوتیشی: "ناردنی ھاوکاریی سەربازیش لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت و ھەندێک وڵات وەک ئەڵمانیا ھەم مەشق بە ھێزی پێشمەرگە دەکات و ھەم ھاوکاری چەک و تەقەمەنیش بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دەنێرێت".
ئاشکراشی کرد: "بەم نزیکانە کۆنگرەیەک لەگەڵ ھاوپەیماناندا ئەنجام دەدەین و پلان دادەنێن لەسەر چۆنییەتی ئەنجامدانی مەشقەکانی ھێزی پێشمەرگە و جۆری چەکەکانیان، ھەروەھا داواکارییەکانی پێشمەرگە لەوان چی بێت، ئەوا لە ساڵی 2018دا جێگیر دەکرێن".
باسنيوز
