سەرۆک بارزانی: ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە و دەبێ ببێتە نموونەی پێکەوەژیان
لەو کۆبوونەوەیەدا بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە و موسلمانانی کوردستان و سەرجەم موسڵمانانی جیھان کرد و لە وتەیەک دا، ڕۆشنایی خستە سەر دوایین پێشھاتە سیاسییەکان و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ستاییشی ھەڵوێست و بەشداریی پێکھاتەی تورکمانی کرد لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم و جەختیشی لە پێویستیی بەردەوامبوونی پێکەوەژیان و بەرگریکردن لە ماف و یەکسانیی نێوان سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان کردەوە. لەبارەی شاری کەرکووکیش سەرۆک بارزانی تەئکیدی لەوە کردەوە کە ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە، بەڵام موڵکی ھیچ پێکھاتەیەک بە تەنیا نییە و دەبێ ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، سەرۆک و سکرتێر و نوێنەری پارتە تورکمانییەکانی کوردستان، سوپاسی ھەڵوێست و خەمخۆریی سەرۆک بارزانییان کرد لە پاراستن و ڕەچاوکردنی مافی پێکھاتەی تورکمان لە ساڵانی ڕابردوو و لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقی و ھەروەھا پشتیوانیکردنی بەردەوامی سەرۆک بارزانی لە پێکھاتەی تورکمان.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیشیان لەوە کردەوە کە ڕیفراندۆم دەستکەوتێکی مێژوویی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستانە و دەرخەری حەقیقەت و ویستی دانیشتووانی کوردستانە. ئەوەیشیان بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند کە پێکھاتەی تورکمان لەگەڵ کورد و پێکھاتەکانی تری کوردستان چارەنووس و دواڕۆژی ھاوبەشیان ھەیە.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و بابەتی ھەڵبژاردنەکان تاوتوێ کرا و جەختیش لە پاراستنی دەستکەوت و مافی پێکھاتەکان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن و ئیستحقاقاتی سیاسی و ھەڵبژاردنی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان کرایەوە.
باسنيوز
