ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: یەکێتی ڕاستگۆ نییە و دەبێ ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵیدا هەڵبوەشێتەوە

 ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: یەکێتی ڕاستگۆ نییە و دەبێ ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵیدا هەڵبوەشێتەوە
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ”لەگەڵ گۆڕاندا ڕاستگۆ نییە و لە سەرەتاشەوە ڕاستگۆ نەبووە“. هاوکات یەکێتی بە حزبێکی پەرتەوازە و بێ ڕێبەرایەتی وەسف کرد.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: ”بزووتنەوەی گۆڕان، بەشێوەیەکی ڕاستگۆیانە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، بە باشیزانی ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیدا واژۆ بکات، دواجار بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی لە دەباشان ڕێککەوتنەکەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا نەوشیروان مستەفا بەسەرکردەکانی یەکێتی گوت، (گرنگ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە نییە، گرنگ ئەوەیە بڕگە و بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت)”.

ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتیی بەرامبەر بەو ڕێککەووتننامەیە، ”ڕاستگۆ نەبووە“ چونکە، ”ھەندێک سەرکردەی یەکێتی ئەو ڕێککەوتنەیان بە مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانی، بۆیە دوای چەند مانگێک، ڕێککەوتنە بەشێوەیەکی بەرچاو سست و لاوازی بەخۆیەوە بینی“.

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتاوە، گومانی ئەوەیان کردووە، ”یەکێتی لایەنێکە لەناو خۆیدا پەرتەوازەیە و کەسی دیکەی پێ قەبووڵ نییە، ھەروەھا ڕێبەرایەتیشی نییە، بەڵام گۆڕان واژۆکەی کردووە تا خەڵکی نەڵێن بزووتنەوەکە تەنیا ڕەخنە دەگرێت“.

خەلیل سەرکانی یەکێتی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەمێکە پێشێلی بڕگە و ماددەکانی ناو ڕێککەوتنەکەی کردووە، دەشڵێت: ”ئێمە پێمان باشە بەندەکانی ناو ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام یەکێتی خۆی نایەتە پێشەوە و نایەوێ بەندەکانی ناو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵکوو ڕێککەوتننامە سیاسییەکەی گۆڕان و یەکێتی لەبار براوە“.

ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش کرد: "خودی خۆم پێم باشە بەیانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەیاننامەیەک دەربکات و بەفەرمی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ھەڵبوەشێنێتەوە و پێوەی پابەند نەبێت، بۆ ئەوەی سەری خۆمانی پێوە نەیەشێنین، چونکە لایەنی بەرامبەر پابەندی ڕێککەوتنەکە نییە و کێشەی بۆ درووستکردووە“.










باسنيوز
Top