ئه‌مریكا 364 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە ده‌كات

ئه‌مریكا 364 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە ده‌كات

فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پڕچەككردنی پێشمەرگە، كۆنگرێسی ئەمریكاش بڕیاریداوە بۆ ساڵی داهاتوو، 364 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە بكات.


كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، رۆژی چوارشەممە 29/ 11/ 2017، لە هەولێر پێشوازی لە جەنەڕاڵ بەیكیر، فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق و شاندێكی یاوەری کرد.


بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق رایگەیاندووە: "ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پڕچەككردنی پێشمەرگە و كۆنگرێسی ئەمریكا بڕیاری داوە بۆ ساڵی داهاتوو (2018) بڕی 364 ملیۆن دۆلار وەك هاوكاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە بكات". جەختی لەوەشكردووەتەوە "وڵاتەكەی پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دەكات".


لە كۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، سوپاسی هێزەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانانی كرد بۆ ئەو هاوكاری و پێشتیوانییەی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگەیان، كردووە و هاوكات داواكاربوو هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە بۆ بەردەوامیدان بە پێشخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و پێشكەشكردنی مەشق و راهێنان.


جەنەڕاڵ بەیكیر، فەرماندەی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی هاوبەش لە عێراق سوپاسی وەزیری پێشمەرگەی كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی لێیانكراوە، هاوكات سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لەشەڕی دژ بە داعش.


هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەكۆبوونەوکەدا جەخت لەسەر گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.

لەكۆتاییدا وەفدی میوان تەئكیدیان لە پرۆسەی ریفۆرم و پێگەیاندنی ئەفسەرانی پێشمەرگە لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستنان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، کە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامدەبێت.
bas news-
Top