شارەزایەکی بواری جینۆساید: بەغدا بە ناوی جێبەجێکردنی دەستوورەوە کورد جینۆساید دەکات
(زەمان عەبدە)، شارەزا لە تاوانەکانی جینۆساید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکان ڕوو دەدات ھەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، خەریکە لە جینۆسایدکردنیش تێدەپەڕێت، بەتایبەتی ئەوەی لە قەزای خورماتوو ھەیە، زۆر بە جوانی دیارە چ کارەساتێک ڕوو دەدات، گەلێک شارەکەی جێ ھێشتوە و تەنیا سەد ماڵێک ھەندێک پیر و پەکەوتەی تێدا ماوە، ڕێگە نادرێت نان و ئاوێک بۆ ئەو پیر و پەکەوتانەش بچێت، کارەسات لەوە گەورەتر ھەیە، لە چەند کاتژمێرێکدا ئەو ھەموو تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجام بدرێت."
زۆرترین تاوان لە شارۆچکەی خورماتوو بەرانبەر بە ھاووڵاتییانی کورد ئەنجام دراوە، بە پێی گوتەی شایەتحاڵەکان بە سکی برسی و بەبێ ھیچ پێداویستییەک خۆیان لە ڕەفتار و توندوتیژییەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕزگار کردووە، ئەو شارەزایەی جینۆساید گوتی: "(سەددام حسێن) چەندین تاوانی دڕندانەی بەرامبەر بە گەلی کوردستان ئەنجام دا، ھەر لە ئەنفالی (بارزانی)یەکانەوە بگرە تا دەگاتە ئەنفالی گەرمیان و کیمیا بارانکردنی ھەلەبجە، (سەددام) دوژمنێکی ئاشکرا بوو، گەلی کورد لە ماوەی ٣٥ ساڵی دەسەڵاتی عەرەبی سوننەدا ھیچ نەما بەرامبەری نەکرێت، ئێستاش ئەمەی ئەمانە دەیکەن، کە سەردەمی شیعەی سیاسین، بە هەمان شێوازی ڕژێمی پێشوو جینۆسایدی گەلی کوردستان دەکەن."
پەرلەمانی عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتن و لەبەرچاوگرتنی بنەمای پێکەوەژیان دەسەڵاتی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دا، ھێزە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوە پێ بکات، ئەویش بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا وەک ئەوان دەڵێن. لەم بارەیەوە، (زەمان عەبدە) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا دەکات، گوایە ھێرشەکانی بۆ ئەوە بووە دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئەنجامدانی دەیان تاوانی دڕندانە جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە، ئەگەر بە گوتەی ئەوان بێت، کارەساتە بە ناوی جێبەجێکردنی یاسا ھاووڵاتیی سڤیل جینۆساید بکرێت و ماڵی تاڵان بکرێت."
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەھیدان پێک ھێناوە بۆ ئەوەی بە بەڵگە و دیکۆمێنت تاوانەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان تۆمار بکرێن، (عەبدە) دەڵێت: "پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تاوانانە بە دیکۆمێنت بکات و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا بیخاتە ڕوو، تا جیهان بەتەواوەتی ئەو ستەمەی شیعەی سیاسی و دەوڵەتی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکاندا ببێنێت."
kdp-
