شاندێکی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستانن
(د. محەمەد عەلی یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بانگێشت کراون بۆ ئەوەی وەکو پەرلەمانی کوردستان چاودێریی ئەو ھەڵبژاردنانە بکەن، بۆیە ھەر فراکسیۆنێک نوێنەری خۆی دیاری کردووە و ئێمەش نوێنەری خۆمان دیاری کردووە و (ئامینە زکری) وەکو نوێنەری ئێمە لەو شاندەدا بەشدارە، کە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە."
گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد گوتیشی: "ئەمڕۆ شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ کەوتن و بڕیارە تا ڕۆژی شەممەی دابێ لەوێ بمینێنەوە."
(نەواف حەسەن)، نوێنەری ئەنەکەسە لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بە ھیچ شێوەیەک بەشداری لەو ھەڵبژاردنانەدا ناکەین، چونکە شەرعی نییە و تاکلایەنە بڕیاری لێ دراوە و تەنھا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکانە، چونکە ھیچ چارەسەرییەکیان بۆ دۆخی سووریا پێ نییە، جا پەنا بۆ ئەم جۆرە کارانە دەبەن."
(حەسەن) ڕوونیشی کردەوە: "لەبەر ئەوەی ئەوان سەر بە ڕژێمی سووریان ناتوانن لە کۆنگرەی جنێفدا بەشدار بن، بۆیە دەیانەوێت بەمە خۆیان مەشغووڵ بکەن و خەڵکیش لەخشتە ببەن، چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوای لێ کردوونە، خۆیان یەکلایی بکەنەوە، سەر بە ڕژێمی سووریان، یان ئۆپۆزسیۆن و فشاری زۆریان لەسەرە، ئەوانیش دەزانن سەر بە ڕژێمی سووریان، بۆیە لە ترسی خەڵکی ناوێرن بەئاشکرا قسە بکەن، ئینجا ھەستاون لەپڕێک ئەو ھەڵبژاردنانە ئەنجام دەدەن."
بڕیار وایە لە ١/١٢/٢٠١٧ سێ ھەڵبژاردنی شارۆچکەکان و شارەوانییەکان و کانتۆنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە بچن.
kdp-
