سریلانكا كونسوڵخانه‌ی فه‌خریی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌

 	 سریلانكا كونسوڵخانه‌ی فه‌خریی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌
باڵیۆزی سریلانكا له‌ عیراق ئاماژه‌ی به‌وه كرد به‌ر له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له‌ عیراق، (ڕانێل ویكرمیسینگه‌)ـی سه‌رۆكوه‌زیرانی سریلانكا‌ باسی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كردووه‌ و ڕایسپاردووه‌ له‌ ده‌رفه‌تێكدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و ڕێز و سڵاوی به‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٩/١١/٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ (میرانجا ئاسۆكا رانسینگ) باڵیۆزی سریلانكا له‌ عیراق و (ئه‌حمه‌د جه‌لاله‌ددین) كونسووڵی فه‌خریی سریلانكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا (رانسینگ) سوپاسی هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌ كردنه‌وه‌ی كونسووڵخانه‌ی فه‌خریی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوای خواست له‌ داهاتوودا ببێته‌ كونسوڵخانه‌ی گشتی. ئاماده‌ییی خۆیشی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا نیشان دا، چونكه‌ ئه‌وان ده‌خوازن په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت و پێشكه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشی به‌رز نرخاند.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی (ڕانێل ویكرمیسینگه‌) سه‌رۆكوه‌زیرانی سریلانكا كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان و پیرۆزبایی له‌ باڵیۆزی سریلانكا و كونسوڵی فه‌خریی سریلانكا كرد به‌ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی فه‌خریی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان و پاڵپشتیی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ كاره‌كانیان نیشان دا و هیوای خواست له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كونسوڵی گشتیی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌كار بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی سریلانكا ده‌ربڕی و باسی له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ كرد كه‌ له‌‌ ڕابردوودا ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا له‌نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سریلانكادا هه‌بێت و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ئاسانكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا.
kdp-
Top