هیمداد عەبدولقەهار: حكومەتی هەرێم پەرەی بە كەرتی خوێندنی باڵا داوە
لە دەستپێكی ئاهەنگەكەدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و تێیداسوپاسی دەستەی ئەمینداران و سەرۆكایەتی زانكۆ نۆڵج كرد بۆ ئەو ئەركەی لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێی چەكدار بە زانست بە هاوكاری و هەماهەنگی حكومەتی هەرێم پێشكەش بە گەل و نیشتمانی دەكەن، هەروەها پیرۆزبایی دەرچوونی لە قوتابیانی دەرچوو و كەسوكاریان كرد، لە درێژەی وتەكەیەدا پارێزگاری هەولێر وتی: بە دڵنیاییەوە بنەمای پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست لە پێگەیاندنی نەوەكانی دەست پێدەكات هەر ئەمەشە دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپەكانی دیموكراتی و پتەوكردنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دوور لە توندوتیژی و هەوڵدان بۆ بن پێكردنی مافی پێكهاتەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری كردووە بۆ ئەوەی شان بە شانی بونیادنانی ژێرخانی ئابووری پەرە بە بواری زانست و مەعریفەت بدات كە ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەپێدان بە گشت بوارەكانی دیكە.
لە درێژەی قسەكانیدا پارێزگاری هەولێر وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی تەواوی لە كەرتی خوێندنی باڵا كردووە چ لە كەرتی تایبەت یان لە كەرتی گشتی بۆ ئەوەی نەوەیەك پێ بگەیەنێت كە لە كاروانی بەرەو پێشچوون و شارستانیەت بەردەوام و شان بە شانی میللەتانی دنیا بە رۆڵەكانی خۆی وڵات پێش بكەوێت و لە رەورەوەی زانست و مەعریفەت دانەبڕێت.
لەلایەن خۆیەوە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.هیمداد عەبدولقەهار سەرۆكی زانكۆی نۆڵج وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی جددی داوە بۆ پێشخستنی بواری مەعریفە و لەو رووە كەرتی خوێندنی باڵا یەكێك بووە لەو بوارانەی كە گرنگیی زۆریان پێدراوە لە كەرتی گشتی و تایبەتی، ئێمە لە زانكۆی نۆلج هەوڵێكی زۆرمان داوە بۆ ئەوە دەرفەتی تەواو بۆ زۆرترین ژمارەی قوتابیان فەراهەم بكەین بەپێی ئەو رێنمایی و مەرجانەی كە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو بوارەوە دایناوە، بۆ ئەوەی بتوان درێژە بە خوێندنیان بدەن و لێی دانەبڕێن، بۆ ئەم ساڵیش زانكۆكەمان بووەتە ئەندام لە یەكێتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی لە هەمان كاتدا وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی فیدراڵ ئیعتیرافی بە زانكۆكەمان كردووە ئەمەش موژدەیەكی خۆشە بۆ گشت قوتابییەكانمان.
لە لایەكی دیكەوە د.هیمداد عەبدولقەهار وتی: بەم بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزبایی كردن لە قوتابیان و كەسوكاریان موژدەی ئەوەیان پێدەدەم كە زانكۆكەمان جگە لە كردنەوەی سەنتەری زمان و سەنتەری پەرەپێدانی كارەكان و كردنەوەی خول و وۆركشۆپ بۆ قوتابیانمان، دەرفەتی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لە زانكۆكەمان بۆ قوتابیان دەڕەخسێت بەپێی مەرجەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانمان بە بەرز كردنەوەی ئاستی خوێندنی باڵا.
شایەنی باسە زانكۆی نۆڵج لە 10/9/2009 دامەزراوە و لە پێنج بەش پێكدێت ئەوانیش :ئەندازیاری، زانست، یاسا، زانستە كارگێڕییەكان و ئاداب.
خليل بله يى
