سریلانکا کونسوڵخانەی فەخریی خۆی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 29/11/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ میرانجا ئاسۆکا رانسینگ، باڵیۆزی سریلانکا لە عێراق و ئەحمەد جەلالەدین، کونسوڵی فەخریی سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان کۆبوویەوە و لە کۆبوونەکەدا رانسینگ سوپاسی ھاوکارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد لە کردنەوەی کونسڵخانەی فەخریی وڵاتەکەیان لە ھەرێمی کوردستان و ھیوای خواست لە داھاتوودا ببێتە کونسوڵخانەی گشتی.
ھاوکات ئامادەیی خۆیشی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا نیشان دا، چونکە ئەوان دەخوازن پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت و پێشکەوتنە بەردەوامەکانی ھەرێمی کوردستانیشی بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەو سەردانە و ھەڵسەنگاندنی ڕانێل ویکرمیسینگە سەرۆک وەزیرانی سریلانکا کرد بۆ ھەرێمی کوردستان و پیرۆزبایی لە باڵیۆزی سریلانکا و کونسوڵی فەخریی سریلانکا کرد بە کردنەوەی کونسوڵخانەی فەخریی وڵاتەکەیان لە ھەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێمی بۆ کارەکانیان نیشان دا و ھیوای خواست لە داھاتوویەکی نزیکدا کونسوڵی گشتیی وڵاتەکەیان لە ھەرێمی کوردستان دەست بەکار بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پێزانینی خۆی بۆ خەڵک و حکوومەتی سریلانکا دەربڕی و باسی لەو نەھامەتیانە کرد کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، ھەروەھا ھیوای خواست پەیوەندییەکی بەھێز لە بوارە جیاوازەکاندا بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سریلانکادا ھەبێت و ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەر ئاسانکاری و ھەماھەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا.
باسنيوز
