سلێمانی.. حەوت ھاووڵاتی تووشبوو بە نەخۆشی ئایدز ھەیە
د. میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 29/11/2017، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕای گەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا 54 کەسی بیانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە تووشی نەخۆشی ئایدزبوون گەڕاندومانەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و نەمانھێشتووە لە سنووری سلێمانی بمێننەوە، ئێستاش حەوت ھاووڵاتی تووشبووی ئایدز ھەیە و لە ژیاندان و چارەسەر وەردەگرن".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، کە پلانی بەرنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدزیان جێبەجێ کردووە و ئێستاش ھەر کەسێک ویستی ھاوسەرگیری بکات، شوێنی تایبەتیان ئامادە کردووە و لەگەڵ پشکنینەکانی دیکە پشکنینی ئایدزشیان بۆ دەکرێت و پاشان چوار کاتژمێر سیمیناریان بۆ پێشکەش دەکرێت.
گوتیشی: "ئەو سیمینارەش تایبەت کراون بە شیکردنەوەی نەخۆشیەکانی ئایدز و نەخۆشییەکانی تایبەت بە ژنان و چۆنییەتی مامەڵەکردنی ژن و مێرد لە ژیانی ھاوسەرگیریدا، ھەر کەسێک ئەو سیمینارە نەبینێت، ئەوا گرێبەستی ھاوسەرگیری بۆ دەرناکرێت".
باسنيوز
