پەرلەمانتارێک: داهاتی مانگانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ 400 ملیۆن دۆلار کەم بووەتەوە

 پەرلەمانتارێک: داهاتی مانگانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ 400 ملیۆن دۆلار کەم بووەتەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، داھاتی مانگانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان 400 ملیۆن دۆلارە و دەشڵێت: "لە توانای دایە مانگانە مووچەی فەرمانبەران دابین بکات، ئەگەر قەرزی دەرەکی لێ نەدرێتەوە".

دڵشاد شەعبان، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێستا مانگانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان 300 ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت و نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاریش لە سەرچاوەکانی دیکەوە داھاتی ھەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە توانای دایە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بدات، بە مەرجێک کە داھاتەکان بگاتە دەستی و قەرزی پێ نەدرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا داھاتی ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ڕووداوەکانی پێش 16ی ئۆکتۆبەر، نزیکەی 65% کەمی کردووە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بیر لە ھەندێک گۆڕانکاریی دیکە بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانە بەتەواوەتی مووچەی فەرمانبەران بدات.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون. بەو هۆیەشەوە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر کەم بووەوە.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.









باسنیوز
Top