سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوویەوە
لەو کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، قوبادی تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی کوردستاندا، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتی کردەوە کە ھەولێر و بەغدا خوازیارن لە ماوەیەکی نزیکدا لە ڕیگەی دیالۆگ و گفتوگۆیەکی گشتی و بونیاتنەرەوە، کێشەکان چارەسەر بکەن و بگەنە لێکگەیشتن و ھەماھەنگی و ھەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ بە شێوەیەک لە بەرژوەندیی ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراقدا بێت و ئارامی و یەکیتیی ڕیزەکان و جێبەجێکردنی دەستوور و پێشکەوتن لە ھەموو بوارەکاندا، مسۆگەر بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و دوا پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، گفتوگۆ کران.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی سەرۆک کۆماری عێراقی بۆ نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکانی ھەولێر و بەغدا بەرز نرخاند و ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ و گفتوگۆیەکی جددی و بنیاتنەر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەمەبەستی تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا دەربڕی بە شێوەیەک لە بەرژوەندیی ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراقدا بێت.
باسنيوز
