وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: مەترسیی ڕووخانی بەنداوی دەربەندیخان هەیە

 وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: مەترسیی ڕووخانی بەنداوی دەربەندیخان هەیە
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، مەترسی ڕووخانی بەنداوی دەربەندیخان هەیە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو مەبەستە بە جددی لەسەر هێڵن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29/11/2017، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد، بەنداوی دەربەندیخان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 12/11/2017، تووشی کۆمەڵێک زیان بووە کە پێشتر راگەیاندراوە. گوتیشی: ”دوای لێکۆڵینەوە و دیراستەکان لەلایەن تیمەکانی ئێمە و هەندێک تیمی عێراقی و بیانی، بۆمان دەرکەوتووە کە مەترسی لەسەر بەنداوەکە هەیە و 48 سانتیمەتر بەنداوەکە ڕۆچووە و 10 تا 20 سانتیمەتریش بەرەو لای ئاوەکە جووڵاوە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا بەرەو لای وشکانی بجوڵایە“.

ئەوەی نەشاردەوە کە دۆخی بەنداوەکە مەترسیدارە و ”ئەگەر خوا نەخواستە بەهۆی بوومەلەرزە یان هەر حاڵەتێکی نەخوازراوەوە بەنداوەکە بڕووخێت، وێڕای زیانێکی زۆر بە سەرچاوەی ئاو، زیانی گیانیشی لێ دەکەوێتەوە، تاوەکوو حەمرینیش ئاو دەیبات، لە حەمرینیش ئەگەر ئاوی زۆر لە بەنداوی حەمرین کۆببێتەوە کە ناتوانرێ بگیرێتەوە، دەبێتە کارەساتێکی دیکە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق“.

باسیشی لەوە کرد کە واقیعی بەنداوەکەیان بۆ بانکی نێودەوڵەتی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیمێکی ئیتاڵی لەبەنداوی مووسڵ و چەندان لایەنی دیکە ڕوون کردووەتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەجێ یەک ملیار دیناری بۆ چاککردنەوەی بەشی سەرەوەی بەنداوەکە تەرخان کردووە. لایەنی عێراقیش 3 ملیار دیناری بۆ کەشف و لێکۆڵینەوە و وردەکارییەکانی ڕووداوەکە خەرج کردووە. ئێستا ئێمە هەوڵدەدەین ئاوەکە بکەینەوە و چاوەڕێی پڕبوونی بەنداوەکە ناکەین“.

ئێوارەی ڕۆژی 12/11/2017، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی ڕێختەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی هەژاند کە لە هەڵەبجە و دەربەندیخان و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیاندا زۆرتر هەستی پێکرا، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا 8 کەس گیانیان لەدەست دا و دەوروبەری 500 کەسیش بریندار بوون.









باسنيوز
Top