ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: خەڵکی کەرکووک داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: خەڵکی کەرکووک داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن


ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە لەوەتەی پێشمەرگە لە کەرکووک نەماوە، گیروگرفت و دزی زۆر بووە.



گەلاوێژ جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە پشکی یەکێتی،، ڕاگەیاند: "سوپای عێراق و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، ڕۆژانە لە کەرکووک پێشێلکاری بەرامبەر ھاووڵاتییانی کورد ئەنجام دەدەن، ئەمەش نیگەرانیەکی زۆری لای ھاووڵاتییانی شارەکە دروست کردووە".


ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەشی خستە روو، کە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ڕووداوەکانی دزی و حاڵەتەکانی کوشتن لە کەرکووک بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە، دەشڵێت: "بێ گومان ئەمەش پێمان دەڵێ لەوکاتەوەی ھێزی پێشمەرگە لەکەرکووک نەماوە، بارودۆخی شارەکە بەتەواوی تێکچووە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای ئەوەیان نییە کە بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن".



ئەوەشی روون کردەوە، کە خەڵکی شاری کەرکووک داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، چونکە ئێستا ھیچ ھاووڵاتییەکی کەرکووک لە ژیانی خۆی دڵنیانییە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو لایەک داوای گەڕانەوەی ھێزە کوردییەکان دەکەن، گومانیشی لەوە نییە، کە بۆ ئایندەش جارێکی دیکە ھێزە کوردییەکان دەگەڕێنەوە شاری کەرکووک.



گەلاوێژ جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لە پشکی یەکێتی، ) گوتیشی: "مۆری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کە بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نووسرابوو، ئێستا نووسینی زمانی کوردی لەسەر سڕاوەتەوە، لەکاتێکدا بە پێی دەستوور، زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە، بەڵام ئێستا ئەو مۆرانە گۆڕاون بۆ زمانی عەرەبی، بۆیە ئەمانە ھەمووی لە چوارچێوەی دژایەتی بنەماکانی دەستووری عێراق خۆی دەبینێتەوە و پێویستە عەبادی ھەڵوێستەکانی خۆی بەرامبەر بە گەلی کورد بگۆڕێت".



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک، خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت، بەھۆیەوە سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
bas news-
Top