په‌رله‌مانتارێكى كورد: به‌هۆى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه فشارێكى زۆر له‌سه‌ر عه‌بادى دروست بووه
په‌رله‌مانتارێكى پارتى له په‌رله‌مانى عێراق، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه له بدجهى گشتیی عێراق، فشارێكى زۆرى ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی دروست بووه، بۆیه پێناچێت، له كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ینێ، پرۆژه‌یاساكه بگاته‌وه به په‌رله‌مان.
نه‌دا مێرگه‌سۆرى، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنى پارتی له په‌رله‌مانى عێراق، ڕاگه‌یاند: "سبه‌ی كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پێموانییه پرۆژه‌یاسای بودجه ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكرێت، چونكه ئێستا فشارێكى زۆری ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان، هه‌یه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره، گوتیشی: "ئه‌گه‌ر بێت‌و پرۆژه یاسای بوودجه به 12%ى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بكرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌سته‌مه له ناو په‌رله‌ماندا فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان بتوانن بیگۆڕن بۆ 17%، چونكه به‌شى زۆری فراكسیۆنه‌كانى ناو په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌شه بوودجه‌ى كوردستانن".
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه سه‌رجه‌م فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، گه‌ر به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌كرێته‌وه به 17% ، ئه‌وا: "هه‌ڵوێستى جدیمان ده‌بێت و له پرۆسه‌ى سیاسی عێراق، ده‌كشێینه‌وه".
دواى خیانه‌ته‌كه‌ى 16ى ئه‌كتۆبه‌رى 2017، حكوومه‌تى عێراق له پرۆژه‌یاسای به‌شه بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2018، پشكى هه‌رێمى كوردستانى له 17%ه‌وه بۆ 12.67 كه‌م كرده‌وه و پرۆژهیاساكهى ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان كرد، به‌ڵام پێش خوێندنه‌وه‌ى و ده‌نگدان له‌سه‌رى، پرۆژهیاساكهى كشانده‌وه.
bas news-
