"ئەگەر سبەینێ پڕۆژەیاسای بوودجە نەگاتە پەرلەمانی عێراق دەکەوێتە ساڵی دابێ"

سبەینێ پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراقە، پەرلەمانتارێک دەڵێ، ئەگەر سبەینێ نەگات ئەوا دەکەوێتە ساڵی دابێ.

حکوومەتی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای گشتیی بوودجەی خۆی ئامادە کردووە و بڕیارە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی لە لایەن لیژنە پێوەندارەکانەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و دواتر خوێندنەوەی یەکەمی لەسەر ئەنجام بدرێت.

لەم بارەیەوە، (نەدا مێرگەسۆری)، بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق نەگەیشتووەتە پەرلەمان و بە پێی یاسا تەنیا سبەی دەرفەت لەبەردەم حکوومەتدا ماوە بۆ ناردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق، چونکە پێشتر ئێمە لە پەرلەمان مانگێگ پشووی پەرلەمانمان دواخست، بە بۆنەوەی ناردنی پڕۆژەبوودجەوە، ئەوە سبەی چوارشەممە ئەو مانگەش کۆتایی دێت و ئەنجومەنی وەزیران ھێشتا پڕۆژەکەی نەناردووە."

ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھیچ دانوستانێکیان لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان و چوونییەتیی پابەندبوونی ھەردوولا لەسەر بوودجەی ٢٠١٨ بەڕێوە نەبردووە و نوێنەرانی کوردیش ئەو ڕێژەیەی بۆ ھەرێم دیاری کراوە بە غەدر دەزانن، بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "نەناردنی پڕۆژەیاسای بوودجە لە کاتی خۆیدا بۆ دوو ئەگەر دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان، ھێشتا ھەرێمی کوردستان و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، کە ھیودارین دواکەتنەکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت و ڕێژەی ١٧%ی بۆ کوردستان جێگیر بکرێت. ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە حکوومەتی عێراق کێشەی لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتی ھەیە و دەیەوێت گۆڕانکاری بکات لە پڕۆژەیاسای بوودجە."

چاودێرانی ئابووری دەڵێن، پێ دەچێت ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بوودجە پەسەند نەکرێت، ئەویش بە ھۆی ھەبوونی چەند تێبینی لە لایەن کوتلەکانی پەرلەمانەوە لەسەر پڕۆژەکە و بە ھۆی درێژەکێشانی پرسەکە لە نێو پەرلەمان ئەستەمە ئەمساڵ پەسەند بکرێت. (نەدا مێرگەسۆری) نایشارێتەوە کە زەحمەتە لەم مانگەدا پەرلەمان بتوانێ بوودجە پەسەند بکات و دەڵێ: "ئەگەر ھەتا سبەی پڕۆژەیاسای بوودجە نەگەیشتە پەرلەمان، کە باوەڕم وایە ناگات، ئەوە ئێمە ناچارین وەک پەرلەمان بچینە پشووی وەرزی پایز و بۆ ماوەی مانگێک کۆبوونەوەکان ڕادەگیرێت، بەڵام ئەگەریش گەیشت ئەوا بە گوێرەی یاسا پەرلەمان پشوو وەرناگرێت، تا پەسەندکردنی یاسای بوودجە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئەگەری نەگەیشتنی ھیچ وادەیەکی دیکە درێژ ناکرێتەوە."
kdp-
Top