ئێمینکی پشتگیریی بۆ داوایەکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان دەربڕی
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٢٨/١١/٢٠١٧، (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی خاتوو (بێگەرد تاڵەبانی)، سكرتێری پەرلەمان و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان و ڕاوێژكارانی پەرلەمان، پێشوازییان لە شاندێكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان-مەڵبەندی گشتی كرد.
لەو دیدارەدا باس لە كێشە و پێداویستیی بنەڕەتیی و داخوازییە یاساییەكانی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان كرا و، (عومەر جەبار)، سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان ئاماژەی بە گرنگترین خاڵەكانی داخوازییەكان كرد و داوای كرد پەرلەمان كاری جیددى و خێرا لەسەر پڕۆژەیاسای مافەكانی كورتەباڵاكان لە هەرێمی كوردستان بكات، كە ماوەى چەندین ساڵە لە پەرلەمانە.
لە بەرامبەردا جێگرى سەرۆكی پەرلەمان، داخوازییەكانی كۆمەڵەكەی بە ڕەوا زانی و پشتیوانیی خۆی و پەرلەمانی كوردستانی بۆ كۆمەڵەكە دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستیی كاركردن لەسەر پڕۆژەیاسای مافەكانی كورتەباڵاكان لە هەرێمی كوردستان كردەوە.
هەر ئەمڕۆ، سێشەممە ٢٨/١١/٢٠١٧، (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە یاوەریی شاندێك لە ڕاوێژكارانی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی كونسووڵخانەی فەڵەستین-یان لە شاری هەولێر كرد و لە لایەن (نەزمی حەزوری)، كونسووڵی فەڵەستینەوە پێشوازییان لێ كرا.
لە سەرەتای دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ناوی پەرلەمانی كوردستانەوە پیرۆزباییی ڕۆژی ٢٩ی نۆڤەمبەری لە گەلی فەڵەستین كرد، ئەو ڕۆژەی كەوا نەتەوە یەكگرتووەكان وەک ڕۆژی پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین، ساڵی ١٩٧٧ بڕیاری لێ دا، هەروەك ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان هەردوو گەلى فەڵەستین و كورد كرد، كەوا هەردوو گەل مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان هەیە، وەك هەموو گەللانی دنیا، بۆ ئەوەى بە ئازادی و ئاشتی و دیموكراسی بژین.
لە بەرامبەردا (نەزمی حەزوری)، كونسووڵی فەڵەستین سوپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ ئامادەبوونی لەم ڕۆژە پیرۆزەی گەلی فەڵەستین و هیوای خواست هەردوو گەل زیاتر درێژە بە پەیوەندییە دیرۆكییەكانیان بدەن و وەك دوو گەلی ستەمدیدەی ناوچەكە بە مافەكانیان شاد ببن.
kdp-
