کۆمسیۆن هەڵکوتانە سەر ئۆفیسەکانی لە لایەن حەشدی شەعبییەوە لە ناوچە کوردستانییەکان ئیدانە دەکات
لە بەیاننامەکەدا، کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە و تێیدا ھاتووە، "ئێمە وەکو کۆمسیۆن ئیدانەی ئەوکارانە دەکەین، کە دژی ئۆفیسەکانی ئێمە کراون لە لایەن حەشدی شەعبیەوە لە کەرکووک و دووزخورماتوو لە ڕۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧، ھەروەھا کۆمسیۆن داگیرکردن و بەتاڵانبردنی کەلوپەلەکانی لەم دوو شارەدا بە نارەوا و دوور لە ڕەوشتی مرۆڤایەتی و دامەزراوەیی دەزانێت، چونکە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، وەک دامەزراوەیەکی یاسایی و شەرعی بە پێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دامەزراوە و پێویستە لەسەر ھەموو لایەک ڕێز لە کەسایەتیی مەعنەویی و ڕۆڵی لە پاراستنی ئاشتیدا بگرن."
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، "ھەر لەم سۆنگەوە داوا لە پارەتە سیاسییەکان و حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین، ھاوکار و پاڵپشت بن بۆ پاراستنی دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکان بەگشتی و کۆمسیۆن بەتایبەتی لەو ناوچانە و حکوومەتی عێراق پابەند بکەن بە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی کۆمسیۆنی کوردستان و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەوکارە نەخوازراوانە."
kdp-
