سەرۆک بارزانی: ھەمیشە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە و دەستووری بژاردەی گەلی کوردستان بووە
ئەمڕۆ سێشەممە 28/11/2017 سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەدین لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ھەولێر، بەرپرس و کارگێڕانی لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ھەروەھا ئەندامانی پەرلەمان، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و ئیداریی پارێزگای ھەولێر کۆبوویەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی، لە گوتەیەکدا بە تێروتەسەلی باسی لە دوا پێشھاتە سیاسییەکان و ڕیفراندۆم و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم کرد و وردەکاریی ڕووداوەکانی کەرکووک و ئەو خیانەتەی شی کردەوە کە لەبەرانبەر گەلی کوردستان و کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
سەرۆک بارزانی، لە درێژەی گوتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ھەمیشە دیالۆگ، دانوستاندن، چارەسەری ئاشتییانە و دەستووری بژاردەی گەلی کوردستان بووە و پێشێلکردنی بەردەوامی دەستوور و نەھێشتنی شەراکەت لە لایەن حکوومەتەکانی عێراق وای کردووە کە ئەو بارودۆخە بێتە کایەوە، ئێستاش حکوومەتی ھەرێمی ئامادەی دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ بەغدا و ئەوەی پێویستە بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ دانوستاندن ئەنجامی داوە و سەرگرتنی ئەو پڕۆسەیە دەمێنێتەوە سەر حکوومەتی بەغدا کە واز لە مەرجە تەعجیزییەکانی بھێنێت.
ھەروەھا ئەوەشی بۆ ئامادەبووان دووپات کردەوە کە سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر، چەک و خیانەت قابیلی قبوڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا کاتییە و ھەتا سەر نابێت.
باسنيوز
