سەرۆک بارزانی: ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم سەلماندی کە بڕیارەکەی گەلی کوردستان چەندە دروست بووە

 سەرۆک بارزانی: ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم سەلماندی کە بڕیارەکەی گەلی کوردستان چەندە دروست بووە
ئەمڕۆ سێشەممە 28/11/2017، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەدین پێشوازی لە سەرۆک، سکرتێر و نوێنەری پارتە کریستیانییەکانی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا، سەرۆک بارزانی، سوپاسی ھەڵوێستی نیشتمانیی پارتە کریستیانییەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و باسی ئەو ھۆکارانەی کرد کە ھانی گەلی کوردستانی دا، بڕیار لە ڕیفراندۆم بدەن و ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمیش سەلماندی کە بڕیارەکەی گەلی کوردستان چەندە دروست و ڕەوا بووە.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، پڕۆسەی سیاسیی کوردستان خرایە بەر باس، گفتوگۆ و جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە پێش ھەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە وەک چارەسەرێکی گونجاو بۆ پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا تەئکید لەسەر ماف و بەشداریی سەرجەم پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە پڕۆسەی سیاسی و گەرەنتی مافەکانیان لە دەستووری ئایندەی ھەرێمی کوردستان کرایەوە، کە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە بەڵگەنامەیەکدا پەسەند کرا بوو.

بارودۆخی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، تەحەدی و ھەڕەشەکانی بەردەم پێکەوەژیان و داھاتووی ئەو ناوچانە تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.









باسنيوز
Top