رێبوار تاڵەبانی: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نا یاساییە

رێبوار تاڵەبانی: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نا یاساییە
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای دەگەیەنێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نایاساییە.



ئەمڕۆ سێشەممە 28/11/2017، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای گەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نا یاساییە، چونکە لە ھیچ بڕگەیەکی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگادا و تەنانەت لە یاسای 21ی ھەموارکراو و لە دەستووری عێراقدا نەھاتووە کە بە بێ سەرۆکی ئەنجومەن، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت، ھەرچەندە ڕێژەی ئەندامانیش تەواو بێت".



ھاوکات، رێبوار تاڵەبانی، ئەوەشی بۆ کەناڵی (کوردستان 24) خستەڕوو، نازانرێت کە حکوومەتی عێراق چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو کۆبوونەوە نا یاساییەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات و ئێستا لە عێراقدا ھیچ بەھایەک بۆ دەستوور و یاسا نەماوە.



سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”ئێمە گوتەکانی سەرۆک کۆمارمان پێ خۆش بوو کە ڕای گەیاند، پێویستە بارودۆخی کەرکووک ئارام بکرێتەوە، ئەوەش یەکێکە لە داواکارییەکانی ئێمەیە و ئەگەر دۆخی کەرکووک بگەڕێندرێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر، یەکەم کەس دەبین بۆ کەرکووک بگەڕێینەوە“.



لەبارەی گوتەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ھەڵنەوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سەرۆک کۆمار بابەتێکی نوێی باس نەکردووە، چونکە پێشتریش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەتی کردەوە کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵبوەشتێتەوە و لە ھیچ مادەیەکی دەستووری عێراقیشدا نەھاتووە کە ئەنجومەنی پارێزگا ھەلبَوەشێتەوە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.



باسنیوز
Top