میلیشیاکانی حەشد شیعی حیساب بۆ گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی ناکەن و هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی یەکێتی لە پۆستەکەی لادا

میلیشیاکانی حەشد شیعی حیساب بۆ گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی ناکەن و هەر ئەمڕۆ  بەرپرسێکی یەکێتی لە پۆستەکەی لادا
فەرماندەی گشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەردانی شاری تکریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین دەکات و لەسەر دانانی کەسێکی تورکمانی لە جێگەی قایمقامی شەرعیی خورماتوو کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ڕێک دەکەوێت، لە کاتێکدا ڕێککەوتنیان لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکاری نێو یەکێتیدا هەیە.



ئەمڕۆ سێشەممە 28/11/2017، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا هادی عامری، سەركردەی باڵای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستێوەردان لە كاروباری خورماتوودا دەكات و لە نوێترین هەوڵیاندا لەسەر داوای حەشدی توركمانی، دەیانەوێت كەسێك بە ناوی حەسەن زەینئەلعابدین كە توركمانێكی شیعەمەزهەبە، بۆ پۆستی قایمقامی خورماتوو و كەسێكی عەرەبیش بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خورماتوو دیاری بكەن".



ئەنجومەنی قەزای خورماتوو لە ساڵی 2005 و لەكاتی حوكمڕانیی ئەمریكییەكان لە 7 كورد و 7 عەرەب و 7 توركمان پێكهێنراوە و تاوەکوو ئێستا بەپێی یاساکانی ئەو سەردەمە بەڕێوە دەبرێت.



بەرپرسەكەی پارتی، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا ڕێككەوتن لە نێوان عەرەب و توركمانەكان هەیە بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لە نێوان خۆیان و بەتەمان بە تەواوەتی کورد پەراوزێز بخەن".



پێشتر شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە هەوڵێکی جددی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەیە، بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی لابدرێت.



بەپێی زانیارییەكان هیچ بەربەستێك لەپێش ئەنجومەنی قەزای خورماتوو نەماوە و پێدەچێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا قایمقامێكی نوێ بۆ خورماتوو دیاری بكەن.



لادانی شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتێکدایە کە گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی ڕێککەوتنیان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا هەیە و هەر ئەو گرووپە خورماتوو و کەرکووک و ناوچەکانی دیکەیان ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد.



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".





باسنیوز
Top