بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی ئەوقاف: حەشدی شەعبی دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەر خەڵك

بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی ئەوقاف: حەشدی شەعبی دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتە سەر خەڵك
ئەمیر عوسمان، بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند : بە فەرمی لە ھەرێمی کوردستان حەوت ئایینی جۆراوجۆر تۆمار کراون، گوتی: ”لە ھەرێمی کوردستان ٧ ئایینی جۆراوجۆر ناسراون و ئیعتراف پێ کراون کە بریتیین لە ئایینەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، زەردەشتی، سابیئەی مەندایی، جوو، بەھائی، پێنج لەو ئایینانە لە وەزارەتی ئەوقاف نوێنەرایەتین و دوو ئایینیش بەڕێوەبەری گشتین“.



ئاماژەی بەوە دا ھەموو ئایین و ئایینزاکان ئازادن لە کوردستان رێوڕەسمی ئایینیی خۆیان ئەنجام بدەن، گوتیشی: ”بەپێی یاسای ئایینەکان کە لە پەرلەمانی کوردستاندا دەرچووە، دەتوانن رێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان بکەن و مافی ھاووڵاتییبوونیان ھەیە، مەعبەد و شوێنی پەرستشی خۆیان ھەیە و ھیچ کێشەیەکیان نییە و بەوپەڕی ئازادی، مومارەسەی ئازادیی خۆیان دەکەن“.



بەپێی فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە ١٩١٠ لە ٩-٧-٢٠١٧، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیاریدا بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی تازە لە وەزارەتەکە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان.



ئەمیر عوسمان ئاشکرای کرد، بەھۆی داگیرکارییەکانی حەشدی شەعبی، مەترسیی لەسەر پێکەوەژیانی ئایینەکان لە ناوچە کوردستانییەکاندا دروست بووە، گوتیشی: ”مەترسی لەسەر پێکھاتە و ئایینەکان لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بووە، ئێمە لەڕێگەی خۆمانەوە نووسراومان ئاڕاستەی رێکخراوە بیانییەکان کردووە لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکان دژی پێکەوەژیان ئەنجامیان داوە“.



ئاشکرای دەکات، لە ناوچە کوردستانییەکاندا لەسایەی پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دۆخیان زۆر خراپە، دەشڵێت: ”حەشدی شەعبی بەپێی مەزھەب و تاییفە مامەڵە دەکەن، بۆیە ئەوەش مەترسیی لەسەر ناوچەکە و پێکەوەژیان دروست کردووە، ھەر بۆیە خەڵک نایەوێت لەژێر سایەی ئەواندا بژی و ئاوارەیی ھەڵدەبژێرن“.



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف جەخت دەکاتەوە، دەیان سکاڵایان پێ گەیشتووە لەسەر مامەڵەی خراپی حەشدی شەعبی لەگەڵ پێکھاتە و ئایینە جۆراوجۆرەکان: «بەپێی ئەو سکاڵایانەی گەیشتووەتە لای ئێمە، پێشێلکاری ھەیە و چەکدارانی حەشدی شەعبی دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر خەڵکی پێکھاتە ئایینییە جۆراوجۆرەکان و پێشێلکاریی بەرامبەر خودی شوێنە ئایینییەکان کراوە، چونکە پەرستگا و شوێنە پیرۆزە ئایینییەکانیان سووتاندووە و داگیریان کردووەتەوە“.



پێی وایە، زۆربەی ئەو پێشێلکارییانە لە ناوچەی دەشتی نەینەوا بەرامبەر مەسیحییەکان و شەبەک و کاکەییەکان کراوە و دۆخیان زۆر خراپە، تەنانەت موسڵمانە سوننییەکانیش زیانیان بەرکەوتووە، گوتیشی: ”بەپێی ھەندێ سکاڵا کە پێمان گەیشتووە، زۆر لەو کەنیسانەی لە دەشتی نەینەوا سووتێندراون، خەڵکی کلدانی، سریانی، ئاشووری ناچار کراون شوێنەکانیان چۆڵ بکەن و ھاتوونە بۆ ھەولێر، چونکە ھەولێر ناسراوە بە لێبووردەیی و لەباوەشگرتنی ھەموو ئایین و پێکھاتە جیاوازەکان“.



لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەوا ھۆکار چییە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەمتر ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان ھەیە لەبەرچاویان گرتووە، ئەمیر عوسمان لە وەڵامدا گوتی: ”ھەندێک خەڵک بە تایبەت حزبە ئاشوورییەکان لۆبییەکی زۆر خراپمان لەسەر دروست دەکەن، بەشێک لەو ئەو حزبە ئاشوورییانە بەرژەوەندییان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ھەیە، بۆیە دەیانەوێت کوردستان ناشرین پیشان بدەن، بەڵام خوشک و برایانی ترمان لە کلدان و سریان و ئاشوورییە ناحزبییەکان ئەوەیان پیشان داوە کە ئەو پێکەوەژیان و لێبوردەییەی لە کوردستاندا ھەیە لە ھیچ شوێنێکی تری ناوچەکەدا نییە“.



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی پەیوەندییان لە رووی کاروبارە ئایینییەوە لەگەڵ بەغدا، روونی دەکاتەوە پەیوەندییەکانیان باشە و لەوپەڕی باشیدایە: «لە رووی کاروبارە ئایینییەکان ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەیوەندیی باش لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە و ھیچ کێشەیەکی تاییفی و ئایینی لەنێوان ھەردوولادا نییە، ئەگەرچی کێشەی زۆری سیاسی و سەربازیش ھەیە».



ئەمیر عوسمان دەشڵێت: ”لە کوردستان مزگەوت و کەنیسە و پەرستگای ئایینەکان ھەیە، بۆیە لە کوردستان توانیومانە پێکەوەژیان بگەیەنینە ئەوپەڕی لوتکە و پێکەوەژیان بووەتە رەگوڕیشەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیمان و لەدەرەوە خەڵک ئەو پێکەوەژیانەیان قبووڵە و لە ناوخۆش ھیچ مەترسییەک لەسەر ئەو پێکەوەژیانە نییە، تەنیا مەترسیی دەرەکی ھەیە، بۆ نموونە ھەندێک وڵات ئەجێندای مەزھەبی و تاییفیی خۆیان جێبەجێ دەکەن، رەنگە ئەوە مەترسی دروست بکات لەسەر پێکەوەژیان، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی کوردستان کێشەی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییان نییە“.






باسنیوز
Top