هادی عامری دەستێوەردان لە كاروباری خورماتوودا دەكات و حەشدی تورکمانی بەتەمایە توركمانێكی شیعە بکاتە قایمقام
ئەمڕۆ سێشەممە 28/11/2017، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، ڕاگەیاند: "ئێستا هادی عامری، سەركردەی باڵای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستێوەردان لە كاروباری خورماتوودا دەكات و لە نوێترین هەوڵیاندا لەسەر داوای حەشدی توركمانی دەیانەوێت كەسێك بە ناوی حەسەن زەینئەلعابدین، كە توركمانێكی شیعەیە بۆ پۆستی قایمقامی خورماتوو و كەسێكی عەرەبیش بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی قەزاکە دیاری بكەن".
ئەنجومەنی قەزای خورماتوو لە ساڵی 2005 و لەكاتی حوكمڕانی ئەمریكییەكان لە 7 كورد و 7 عەرەب و 7 توركمانیان پێكهێنراوە.
بەرپرسەكەی پارتی، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا ڕێككەوتن لە نێوان عەرەب و توركمانەكان هەیە بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لە نێوان خۆیان و بەتەمان بە تەواوەتی کورد پەراوزێز بخەن".
بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) هیچ بەربەستێك لەپێش ئەنجومەنی قەزای خورماتوو نەماوە و پێدەچێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا قایمقامێكی نوێ بۆ خورماتوو دیاری بكەن.
دوای ساڵی 2003 كورد لە خورماتوو ژمارەیەك پۆستی ئیداریی لە دەست دابوو و ئێستاش تاكە پۆستی گرنگ كە بە دەستی مابێتەوە، پۆستی قایمقامی خورماتووە و ئێستاش هەوڵ هەیە ئەو پۆستە لە كورد بسێنرێتەوە.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".
باسنیوز
