سوننەکان دەخوازن دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکانیان رادەست بکرێ

سوننەکان دەخوازن دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکانیان رادەست بکرێ
سوننەکانی عێراق بۆ پاراستنی ژیانیان داوای چەکیان لە ئەمەریکا کردووە، ھاوکات داواشیان لە حکوومەتی عێراق کردووە میلیشیا شیعەکان لە پارێزگاکانیان بکشێنێتەوە و دۆسیەی ئەمنیی ئەو پارێزگایانەی ناوەڕاستی عێراق رادەست بە پۆلیس و ھێزە ناوخۆییەکان بکرێت.



بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، لەدوای نەمانی داعش لە شارەکانیان، ھۆزە سوننەکان دەستیان بە خۆ رێکخستنەوە کردووە، ھاوکات داوایان لە ئەمەریکا کردووە لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا پڕچەکیان بکات و حکوومەتی عێراقیش فەرمان بە کشانەوەی میلیشیا شیعەکان و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی شارەکانیان بە پۆلیس و ھێزە ناوخۆییەکان بکات.


سوننەکان کە لە ٤ پارێزگای عێراقدا زۆرینەن، پێشتر زیاتر لە ٨٠ ساڵ حوکمی عێراقیان کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەسەڵاتیان لەدەست داوە، لەوکاتەوە تا ئێستا بەردەوام ناوچە سوننییەکان پشێوی و نائارامی و شەڕ و توندوتیژیی بەخۆیەوە بینیوە و لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە بەتەواوی داگیر کرا و بەھۆی دەرکردنی داعشیشەوە لەلایەن سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکانەوە بەتەواوی وێران کران.



بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنی، ئوسامە نوجێفی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، بە مەبەستی پڕچەککردنی سوننە سەردانی ئەمەریکای کردووە.



بەپێی زانیارییەکان نوجێفی لەو سەردانەیدا چاوی بە تیمێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و چەند بەرپرسێکی دیکە کەوتووە، داوای لە ئەمەریکا کردووە سوننەکانی عێراق پڕچەک بکات و راھێنانی سەربازییشیان پێ بکات.



نوجێفی لە وتارێکیشیدا لە پەیمانگەی ئاشتیی ئەمەریکی رای گەیاند، پێویستە توانای سەربازیی ئەو ناوچانە زیاتر بکرێت کە تازە لەژێر دەستی داعش رزگار کراون و نموونەشی بە شاری مووسڵ ھێنایەوە، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننەن.



ئەم داوایەی سوننە لە کاتێکدایە کە ئێستا حەشدی شەعبیی شیعەکان دەسەڵاتی بەسەر کۆی ناوچە سوننەنشینەکاندا ھەیە و بەپێی زانیاریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەشکەنجەی ھاووڵاتییانی سوننە و کوردیان داوە، بەتایبەتی لە کەرکووک و خوورماتوو کوردەکان رووبەڕووی زوڵم و ستەمی زۆری گرووپەکانی حەشدی شەعبی لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەر بوونەتەوە.



کە بەپێی زانیارییەکانی (باس) زۆربەی ئەو ماڵە کوردانەی لە خوورماتوو سووتێنراون و دەربەدەر کراون لەلایەن کەسانی سەر بە گرووپی خیانەتکاری ١٦ ئۆکتۆبەری یەکێتییەوە ماڵەکانیان بۆ گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەستنیشان کراوە، کە ئەوانە ئەو ماڵە کوردانەن کە کاریان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەو ناوچانە کردووە.


سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لایەنی سوننە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، دوور نییە لەسەر پرسی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی لە ناوچە سوننەکان شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانە روو بداتەوە.



جبووری گوتی: “ئەگەر حکوومەتی عێراق پرسی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی لەو شارانە یەکلا نەکاتەوە، دوور نییە ھاوشێوەی ٢٠١٣ جارێکی تر شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھۆزەکان و ئەو ھێزانەی کە لەو ناوچانەدان روو بداتەوە”.



ھاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تا ئێستا سوپا و ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچە سوننییانەی کە لە دەستی داعش کۆنتڕۆڵیان کردوون، نەکشاونەتەوە.



لای خۆشیانەوە، سالم شەبەک، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، حەشدی شەعبی، لەڕێگەی رفاندن و کوشتوبڕەوە دەستی بەسەر ناوچە سوننییەکاندا گرت، ئەوەش لەپێناوی سڕینەوە و پاکتاوکردنی عەرەبی سوننە و ئەو نەتەوە و ئایینانەی کە شیعە مەزھەبن نین، ئەوە کوردیشی ئێستا گرتووەتەوە و بەردەوامیی ھەیە.



ئاماژەی بەوەش دا، پێشبینی کراوە بەھۆی ئەو توندوتیژییانەی کە لە ناوچە سوننییەکاندا ھەیە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە شەڕی ھۆز و سوننەکان لەبەرامبەر بە حەشدی شەعبی سەرھەڵبدات، چونکە کشانەوەی ئەو ھێزانە لەو ناوچانە بە کەرکووکیشەوە چاوەڕواننەکراوە.



حەسەن بارام جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خوورماتوو، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو ماڵانەی تاوەکو ئێستا تەنیا لە خوورماتوو تەقێنرابێتەوە حەفتا ماڵێک دەبێت، بەڵام ئەوەی کە تاڵان کراوە و سووتێنراوە زیاترە لە دوو ھەزار ماڵە کورد، گوتی :”ماڵەکان زۆرینەی لەلایەن تورکمانە شیعەکانەوە بۆ حەشدی شەعبی دەستنیشان کراون، لەگەڵ ئەوەش گومان دەکرێت کە خەڵکانی کوردیش خیانەتیان کردبێت و دەستنیشانی ماڵەکانیان بۆ کردبن کە ئەوە ماڵی کێیە، بەڵام بەئاشکرا لە خوورماتوو روونە کە گەڕەکە کوردەکان شوێنەکانیان جیاوازە لەوانی دیکە و ئاسانە پێ زانینیان زۆربەشیان چۆڵ کراون و دیارن کە ماڵە کوردن”.

باسنیوز
Top