خورماتوو.. چەکدارانی حەشدی شەعبی لە تاوانەکانیان دژ بە کورد بەردەوامن
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان، ئاماژە بەوە دەدات، کە لە خورماتوو چەکدارانی حەشدی شەعبی لە تاوانەکانیان دژ بە کورد بەردەوامن.
عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، ڕای گەیاند: "پێشتر شاندێکی حکومی و کۆمەڵایەتی شاری خورماتوو، سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد، ئەوان بە جەنابی سەرۆکیان گوتبوو کە خورماتوو یەکەم سەنگەری بەرگرییە لە کوردستان و ئەگەر نەخوازڵا ئەو سەنگەرە بڕوخێت، کوردستان بەگشتی دەکەوێتە مەترسییەوە، لە و کۆبوونەوەدا سەرۆک بارزانی داوای کرد لیوایەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گەنجانی خورماتوو پێکبھێنرێت بۆ پاراستنی ناوچەکەیان، ئەوەندی من ئاگادارم بم جەنابی سەرۆک ڕەزامەندی دەربڕی بوو لە سەر پێکھێنانی ئەو لیوایە بۆ خەڵکی خورماتوو و نووسراوێکی پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بە پێی زانیارییەکانم لە وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێ نەکرا، ئیتر نازانم بۆ؟".
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان، ئەوەشی خستە روو: "حەقە کێ کەمتەرخەم بووە لە پێکنەھێنانی ئەو لیوایە لێپێچینەوەی لە گەڵدا بکرێت، دڵنیام ئەگەر ئەو لیوایە بۆ خەڵکی خورماتوو پێکبھێنرایە ئەو میلیشیایانە نەیاندەتوانی بەو شێوە ھۆڤانە پەلاماری خورماتوو بدەن".
ئاشکراشی کرد، کە چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە تاوانەکانیان دژ بە ھاووڵاتییانی کوردی خورماتوو بەردەوامن، تاوانەکانیشیان بریتین لە کوشتن و بڕین، سووتاندن و تەقاندنەوەی خانووی ھاووڵاتییان.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
bas news-
