روسنەفت چاوەڕێی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە

روسنەفت چاوەڕێی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە
- کۆمپانیای روسنەفت چەندین گرێبەستی گەورەی لە بواری وزەدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، بەڵام حکوومەتی بەغدا بوو بە بەربەستیی سەرەکیی جێبەجێکردنیان. شارەزایەکی بواری وزە، پێی وایە ئێستا رووسیا چاوەڕێی ئەنجامی دانووستانی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێرە.

لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کۆمپانیای روسنەفتی رووسی چەندین گرێبەستی بە بڕی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد. بەغدا لەو کارەی رووسیا نیگەران بوو و هەر بۆ ئەمە مەبەستەش وەزیری دەرەوەی خۆی (ئیبراهیم جەعفەری)ی بۆ مۆسکۆ نارد، بەڵام روسنەفت جەختی کردەوە کە پابەندی رێککەوتنیان لەگەڵ هەولێر دەبن.



بەغدا پاشگەز دەبێـتەوە

سەرەڕای سووربوونی روسنەفت بۆ کارکردنیان لە کوردستان، بەڵام تا ئێستا ناوەڕۆکی گرێبەستەکان نەچوونەتە واری جێبەجێ کردنەوە.
(عەلی حوسێن بەلۆ) شارەزای بواری وزە، پێی وایە کە رووسیا چاوەڕێی ئەنجامی دانوستانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدایە بۆ ئەوەی لە کوردستان دەستبەکار بێت.
ئەو کە لە خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئەندامی لیژنەی وزە بووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "حکوومەتی بەغدا دەیەوێ رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەولێر دوابخات بۆ ئەوەی گوشاری ماددیی زیاتر بۆ سەر هەرێمی کوردستان بێت و حکوومەتی هەولێر بە تەواوی ملکەچی بڕیارەکانی بێت، بەڵام ئەوە کاتییە و دواجار بەغدا لە بواری وزەوە پێویستی بە هەولێر هەیە."
(عەلی حوسێن بەلۆ) بە پشتبەستن بە ماددەی ١١٢ دەستووری هەمیشەیی عێراق و دەستەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، پێی وایە ، دواجار عێراق لە هەموو ئەو رێوشوێنانەی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوویەتییەبەر، پاشگەز دەبێـتەوە."

دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوودا سوپای عێراق بە هاوکاریی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر کوردستان و ئێستا بەشیکی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان لەبەردەستدایە کە ئێستا ئەو ناوچانە بە داگیرکراو ناو دەبرێن.
کەرکووک، ئامانجی سەرەکیی لەشکرکێشیی بەغدا بوو و توانییان دەست بەسەر بیرەنەوتییەکانیدا بگرن، بەتایبەت "بای حەسەن" و "ئاڤانا". حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا پێش لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، نەوتی ئەو کێڵگانەی لە رێگەی بۆرییەکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرد. ئێستا کە ئەو کێڵگانە بەردەستی حکوومەتی هەولێردا نەماون، رۆژانە تەنیا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.

حکوومەتی بەغدا جیا لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی هەولێردا بوو، ئێستا کار بۆ راکێشانی بۆرییەک کە "بێجی"یەوە بۆ بەندەری جەیهان دەکات. بۆرییەکە لە سنووری پیشابوورەوە دەچێتە تورکیا.
شارەزایانی سیاسەتی وزەی عێراق، جەخت دەکەنەوە کە ئەو بۆرییە زیاتر لە ٤٠ ساڵە هەیە، بەڵام بە هۆی شەڕەوە چەندین بەشی تێکچووە و نەماوە و ئێستا بەغدا کار بۆ نۆژەنکردنەوەی دەکات.
(عەلی حوسێن بەلۆ)، پێی وایە ئەو بۆرییە نەوتە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوردستان نابێت و تەنیا بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بەکار دەهێندرێت.
kdp-
Top