سەرۆك بارزانی: ئیرادەی گەلی كوردستان لە سەرووی هەموو دامەزراوە و دەستەڵاتێكەوەیە
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی 11ـی 2017، لە سەلاحەدین، (سەرۆك مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شاندێكی باڵای حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ڕۆڵ و هەڵوێستی نیشتیمانیی حزبی زەحمەتكێشانی كرد و پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستی هەموو ئەو نیشتیمانپەروەرانەی خاوەنی دۆزێكی ڕەوان.
(سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە بابەتی ڕیفراندۆم دا و ئەوەی خستەڕوو، كە ئامانجی هەموو شۆڕشەكانی گەلی كوردستان ئازادی و سەربەخۆیی بووە و ڕیفراندۆم ترۆپكی چەسپاندنی ڕای گەلی كوردستان بووە كە بە شێوەیەكی ئاشتیانە ڕای خۆی دەرببڕێت.
(سەرۆك بارزانی) جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئیرادەی گەلی كوردستان بابەتێكی گشتگیر و نیشتیمانییە و لە سەرووی هەموو دامەزراوە و دەستەڵاتێكە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو ئیرادەیە هەڵوەشێنێتەوە.
سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە، كە لەگەڵ دیالۆگ و دانیشتن و چارەسەری ئاشتیانەدایە و فەرزكردنی ئەمری واقع بە زۆری چەك، ناسنامەی ناوچە كوردستانییەكان ناگۆڕێت.
لەبەرانبەردا شاندی میوان، حزبی زەحمەتكێشانیان لەبارەی دواپێشهاتەكان بۆ (سەرۆك بارزانی) خستەڕوو و جەختیان لەوە كردەوە كە هەڵوێستی حزبەكەیان لە باوەڕی قووڵیانەوە بە ئازادی و سەربەخۆییی گەلی كوردستانەوە دێت. هەروەها ئاماژەشیان بە مێژووییبوونی ڕیفراندۆم دا وەك دەستكەوتێكی بەهادار و تەئكیدیشیان لەسەر داڕشتنی بنەمایەكی هاوبەش كردەوە بۆ پتەوتركردنی پەیوەندیی لایەنەكان و باشتركردنی بەرەی ناوخۆی كوردستان.
kdp-
