سەرۆک بارزانی: ئەم دۆزەی ئێستا کاتییە و سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستانە
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ـی ١١ـی ٢٠١٧ لە سەلاحەدین سەرۆك (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرس و كارگیڕانی لق و ناوچە و بەرپرسانی ئیداری و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری سلێمانی - هەڵەبجە و ڕاپەڕین كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و بە وردی باسی ڕووداوەكانی دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و ئەو بارودۆخە ناخۆشانەی كرد كە بەسەر كەركووك و ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووە و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان نەشكاوە بەڵكو خیانەتی لێ كراوە و ئەو دۆخەی بەهۆی ئەو ناپاکی و خۆسەپاندنەشەوە هاتۆتە ئارا کاتییە و ئیرادەی گەلەکەمان هەر سەردەکەوێت.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئێمە بەر لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیش ڕامانگەیاند کە بەغدا دەیەوێ دەستکەوتە ڕەواکانی گەلی کوردستان نەمێنن و بمانگەڕێننەوە هێڵی سەوز کە هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و سوپای بەعس بوو، بۆیە ڕیفراندۆمیش نەکرا با ئەوان ئەو بەرنامەیان هەبوو و پیلان لەدژی كەركووك هەر لە ئارادا بوو، بەڵام ئەگەر ئەو ناپاکییەی ١٦ـی ئۆکتۆبەر نەکرابا ئەو پیلانە دژی کەرکووک و کوردستان سەری نەدەگرت.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان شی كردووە كە دۆخی خیانەت و داگیركاری و فەرزی ئەمری واقع بە زۆر و چەك، ناسنامەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناگۆڕێت و ئەم دۆزەی ئێستا کاتییە و سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستانە. ئێمە هەمیشە، ئێستا و پێشتریش گوتوومانە كە دەمانەوێ كەركووك و ناوچەكانی تر بكرێنە نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و پێكهاتەكان و فەرزی ئەمری واقع بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت.
سەرۆک بارزانی ئەوەیشی ڕاگەیاند کە ئێمە پشتگیریی گفتوگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغذا دەکەین و ئەگەر بەغدا بەڕاستی مەبەستی چارەسەری کێشەکان بێت ئەوە حکوومەتی هەرێم ئەوەندە هاتۆتە پێش کە بەغدا چیتر مەرجی تەعجیزی نەخاتە سەر ڕێگای گفتوگۆ.
لە کۆتاییشدا (سەرۆک بارزانی) سوپاسی خۆڕاگریی جەماوەری پارتی لە دەڤەرەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و پشدەر کرد کە سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان هەیە بە ورەیەکی بەرزەوە لە خەبات بەردەوامن و ڕوونیشی کردەوە کە بەرەی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان بە سەربەرزییەوە بەرەو سەرکەوتن دەچن و ناپاکانیش شەرمەزار و شکستخواردوو دەبن.
kdp-
