سەرکردەیەکی حزبی شیوعی: فوئاد مەعسوم ناتوانێت ئیرادەی سەرۆکایەتی لە عێراقدا بچەسپێنێت
ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، ڕایگەیاند: "سەرۆک کۆماری عێراق شوێنێکی گرنگی ھەیە، ئەگەر بیەوێت ڕۆڵی لە چارەسەر کردنی کێشەکاندا بگێڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەڕێز (فوئاد مەعسوم) بەشێک بووە لە پرۆسەی سیاسی و خەباتی کوردستان، بەڵام لێرەدا من پێموایە لە بەغدا ڕۆڵێکی لاوەکی و لاوازی ھەیە و ناتوانبێت ئیرادەی سەرۆکایەتیی کۆمار بچەسپێنێت".
ئەو سەرکردەیەی شیوعی، ئەوەشی خستە روو، کە ئەگەر لە ڕوانگەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە سەردانەکەی سەرۆک کۆمار تەماشا بکرێت، ئەوان تەنیا سەردانێکی شکڵییە و دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار ناھێنێت و توانای ئیدارەدانی مەلەفەکانیشی نییە، چونکە ئەو مەلەفانەی ھەن لەبەردەستی ئەودا نین، بەڵکو لەبەر دەستی خەڵکانی دیکەدان.
گوتیشی: "ئەگەر سەیری بڕیارەکانی پێشتری پەرلەمان و حکوومەتی عێراق بکەین، کە لە دژی ھەرێمی کوردستان دەریکردوون، ھەروەھا خۆدزینەوەکانیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کورددا ئەوە دەبینین عێراق نییەتێکی دیکەی ھەیە، بۆیە پێویستە فشارێکی نێودەوڵەتی بەتایبەت لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشەوە لەسەر عێراق دروست بکرێ، بۆ ئەوەی ئەگەر نیەتی خراپیشی ھەبی نەتوانێ جێبەجێی بکات".
باسنیوز
