فوئاد مەعسوم باسی پرسی مانەوەی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکووک دەکات
فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە کەرکووک رایگەیاند، کە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک کۆ دەبێتەوە.
فوئاد مەعسوم هەروەها رایگەیاند، کە رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە بۆ ناردنی هێزێکی گاردی کۆماری بۆ شاری خورماتوو، ”بەڵام بەهۆی چەند دۆخێکەوە جێبەجێکردنی دواخراوە“.
سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک وەک خۆی دەمێنێتەوە ”تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت“.
فوئاد مەعسوم لەبارەی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دەرکردنی هاووڵاتی و بەرپرسانی کورد لە شارەکە، هیوای خواست ”هیچ ئاسەوارێک“ی خیانەتەکەی گرووپی 16ـی ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەمێنێت.
مەعسوم هەروەها رایگەیاند، پێکهاتەکان رێک دەکەون بۆ دیاریکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ شارەکە، دوای ئەوەی بە بڕیاری حەشدی شەعبی، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک لەسەر کار لادرا.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە ماددەی 140 ماددەیەکی دەستووریی عێراقییە و تا کاتی جێبەجێکردنی، دەمێنێتەوە و لە دەستوور لانادرێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦/١٠/٢٠١٧، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک، مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەھۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئاوارەی ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.
رۆژی چوارشەممە ١٨/١٠/٢٠١٧، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنيوز
