سەرۆک بارزانی: هیچ لایەنێک ناتوانێ ئیرادەمان بشکێنێت
رۆژی دووشەممە 27/11/2017، سەرۆک مەسعود بارزانی، بەجیا پێشوازیی لە شاندێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و گەنجێکی ئازای کەرکووک، کردووە.
سەرۆک بارزانی ستایشی رۆڵی قارەمانانەی محەمەد مەجید کەرکووکی کرد، کە ”لەپێش چاوی ھەموو دونیا تەحەددای خیانەت و داگیرکاری و زوڵمی کرد“ و رایگەیاند، محەمەد بووەتە هێمای رووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی حەشدی شەعبی لە کەرکووک.
وەک ناڕەزایی دژی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانەوە، محەمەد کەرکووکی چووە سەر ئۆتۆمبێلێکی هێزە داگیرکەرەکان و بە بەرچاوی هەموو جیهان، ئاڵای عێراقی هێنایە خوارەوە.
هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سوپاسی ”ڕۆڵ و ھەڵوێستی نیشتیمانی“ی زەحمەتکێشان لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە کردووە و رایگەیاندووە، ”ڕیفراندۆم ترۆپکی چەسپاندنی ڕای گەلی کوردستان بووە کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ڕای خۆی دەرببڕێت“.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ ئیرادەی سەربەخۆخوازیی گەلی کوردستان تێک بشکێنێت، کە لە سەرووی هەموو دامەزراوە و دەستەڵاتێکە.
سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، پشتگیریی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەکات و ”فەرزکردنی ئەمری بە واقع بە زۆری چەکیش ناسنامەی ناوچە کوردستانییەکان ناگۆڕێت“.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦/١٠/٢٠١٧، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک، مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەھۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئاوارەی ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.
رۆژی چوارشەممە ١٨/١٠/٢٠١٧، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنیوز
