حکوومەت تاوتوێی راپۆرتی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەکات

 حکوومەت تاوتوێی راپۆرتی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی راپۆرتێک لەبارەی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە دەکات.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی دووشەممە 27/11/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.



لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی سێ دوو راپۆرت و پێشنیازێکی و سێ وەزارەت دەکات، کە بریتین لە:



- پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پەیڕوی دامەزراندنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان.



- راپۆرتی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان تایبەت بە رووداوەکانی داگیرکردنی کەرکووک و خورماتوو و رەوشی ئاوارەکانی ئەو ناوچانە.



- راپۆرتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی وەرگیرانی دەرچووانی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦/١٠/٢٠١٧، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک، مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەھۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئاوارەی ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.



رۆژی چوارشەممە ١٨/١٠/٢٠١٧، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.



حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.




باسنیوز
Top