خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی لە کاردانەوەی کەسوکاری شەهیدانی حزبەکەیان دەترسن

 خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی لە کاردانەوەی کەسوکاری شەهیدانی حزبەکەیان دەترسن
گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ترسیان لە کاردانەوەی کەسوکاری شەهیدانی حزبەکەیان هەیە کە بەهۆی خیانەتی گرووپەکەوە ڕۆڵەکانیان لەدەست داوە و بەو هۆیەوە ناو هۆڵی بەڕێوەچوونی چلەی ئەو پۆلە شەهیدانە دەکەن بە ”معەسکەر“.



لەمبارەیەوە نەوزاد حەمەعەلی، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرا کرد، ئەوەی لە چلەی شەهیدانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتیدا کرا، نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە. گوتیشی: ”بەداخەوە هۆڵی چلەکە وەک معەسکەری لێکرابوو، پڕکرابوو لە کارمەندانی دەزگای ئەمنی، لەوە دەترسان خەڵک پەلاماری تەختەی شانۆ بدات، چونکە کەسوکاری شەهیدان زۆر پڕبوون“.



ئاماژەشی بەوە کرد: ”کەسوکاری شەهیدان دوای مەراسیمەکە بە دەنگی بەرز دەیانگوت کەرکووک فرۆشرا“.



هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەنێو یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە ترسی گرووپەکە لەوەدا بووە، کەسوکاری شەهیدانی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی، بە بینینی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکە نیگەران بوون و بەباشیان زانیوە ئەو کەسانەی بوونە هۆی شەهیدکردنی ڕۆڵەکانیان، لەبەردەمیاندا قسە نەکەن.



لەمبارەیەوە فاروق کەریم فەتاح، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی گوت: ”هەندێک بۆنە هەیە خۆم بۆی ناچم، چونکە ئەوەی لەسەر تەختەی شانۆ قسە دەکات، درۆ دەکات".



لەبارەی پرسیارێکی (باسنیوز) کە بۆچوونێک لەنێو کەسوکاری قوربانیاندا هەبووە بۆ ئەوەی ئەو گرووپەی کە خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەریان کرد، لە چلەکەدا بەشداری نەکەن، پەرلەمانتارەکەی پێشووی یەکێتی گوتی: ”لە ڕاستیدا ئەوان نەهاتوون، چونکە شەرمەزارییە لەوێ دانیشن“.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.



باسنیوز
Top