نووسەرێکی عەرەب: عێراق لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر زەرەر دەکات

 نووسەرێکی عەرەب: عێراق لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر زەرەر دەکات


نووسەر و سیاسەتمەدارێکی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە عێراق لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، زەرەر دەکات.



عەدنان حوسێن، نووسەری ناوداری عەرەب و عێراقی لە وتارێکدا لە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، رایگەیاندووە، کە ئەو رێگایەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر وبەغدا هەڵی دەبژێرێت، ”سروشتی کابینەی داهاتووی حکوومەت و چارەنووسی عێراق“ دیاری دەکات.



عەدنان حوسێن هەروەها رایگەیاندووە، گەشەکردن و سەقامگیریی عێراق ”بە پلەی یەکەم“ بەندە بە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕالیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ”گرژیی نێوان هەولێر و بەغدا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو عێراق دروست دەکات“.



ئەو نووسەرە پێی وایە حەیدەر عەبادی بۆ زیادبوونی لایەنگرانی، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ئایندە پشتیان پێ دەبەستێ بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی کورسیی سەرۆکایەتیی وەزیران، هەڵوێستی توندی دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نوواندووە.



پێشتر ئەو نووسەرە لە وتارێکی دیکەدا رایگەیاندبوو، کە سەپاندنی سزا بەسەر کوردستان لەلایەن عێراقەوە، ”کوردەکانمان لە بەغدا دوور خستەوە و لە سەربەخۆیی نزیکمان کردنەوە“.



ئەو نووسەرە پێی وابوو حەیدەر عەبادی بەرپرسەکانی دیکەی عێراق سیاسەتمەداری زیرەک و سەرکەوتوو و پیاوی دەوڵەت نەبوون، چونکە ئەوان بەدوای رقی جەماوەری شیعە کەوتبوون دژی کوردستان و ”پیاوی دەوڵەتیش بە دوای گوتاری جەماوەر ناکەوێت، جەماوەر ئاراستە دەکات“.



باسنیوز
Top