بەغدا گوشاری زۆری لەسەرە تا لەگەڵ هەولێر ڕێک بکەوێت
بەغدا و هەولێر هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی بۆ پرسی بوودجە و مووچە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستیان بە دانوستان نەکردووە.
بەغدا لە ڕاگەیاندراوەکانیدا دەڵێت، پابەندی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانین، بەڵام بە شێوەیەکی کرداری تا ئێستا هەنگاویان نەناوە.
دوای ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراقیشدا پشکی هەرێمی کوردستان بە ١٢.٦٧% دیاری کرابوو، ئێستا پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە و دەیانەوێت پێداچوونەوە بەو ڕێژەیەدا بکەن.
هەولێر و بەغدا بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی پێشووی نێوانیان پشکی هەرێمی کوردستانیان لە بوودجەدا بە١٧% دیاری کردبوو، تا سەرژمێریی گشتی دەکرێت، بەڵام عێراق پابەندی ئەمە نەبوو.
(د. فازڵ نەبی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر هەولێر لەگەڵ بەغدا دانوستانی کرد، دەبێ بە کەمتر لە ١٧% پشکی هەرێم ڕازی نەبێت، چونکە کەمتر لەوە بەشی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات و زیانی گەورەی ئابووری دەکەین."
هەرێمی کوردستان لە پشکی خۆیدا لە عێراق هەر پێوەست بە مووچە و بوودجە ستەمی لێ نەکراوە، بەڵکو زۆر شایستەی داراییی دیکە هەن، کە بەغدا بۆ هەولێری نەناردووە، هەروەک (د. فازڵ نەبی) باسی کرد، زۆر شایستەی دارایی دیکە هەن کە دەبێ بەغدا بیداتە هەولێر، بۆیە پێویستە ڕێککەوتن بکرێت، چونکە پرسەکە هەر ١٧%ی بوودجە نییە، بەڵکو خاڵی دیکەی گرینگ هەن، کە دەبێ ڕێککەوتنیان لەبارەوە بکرێت.
بەغدا لە پێدانی قەرز و چەک و تەقەمەنی و مووچەی پێشمەرگە و زۆر خاڵی دیکەدا جگە لە بوودجە و مووچە پێشێلی دەستووری کردووە و مافی هەرێمی کوردستانی نەداوە، بۆیە (د. فازڵ نەبی) بە پێویستی دەزانێت، کە ڕێککەوتن لەو بارەیەشەوە بکرێت، نەوەک هەر تەنیا لەسەر بوودجە بێت.
سەبارەت بە کارتی گوشاری دەولی لەسەر بەغدا تا بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر، (د. فازڵ نەبی) دەڵێت: "زانیاریی تەواوم لایە کە وڵاتان گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر بەغدا تا بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ هەولێر، بۆ ئەمەیان هەوڵێکی نێودەوڵەتیی بەهێز هەیە."
kdp-
