عەلیاوەیی: سەرۆککۆمار داوا دەکات کورد بە یەک تیم دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات
سەرۆککۆماری عێراق، (د. فوئاد مەعسووم) لە کاتی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو هاتووە کار لەسەر چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
گەڕانەوەی سەرۆککۆماری عێراق بۆ سلێمانی و دواتریش لە بەرنامەیدایە سەردانی هەولێر بکات، لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە بەغدا دەکەن، دەبێ پابەندی دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێت.
ئێستا ڕێک دوو ڕۆژە سەرۆککۆماری عێراق لە کوردستانە، وەک ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆمار دەڵێت، ئەو دەستپێشخەریی پێیە و دەیەوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بیخاتە ڕوو.
ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق (د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆککۆماری عێراق بۆ چەند پرسێک سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و بڕیارە لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان و (سەرۆک بارزانی) کۆ ببێتەوە و تێیدا دەستپێشخەرییەکی پێیە، کە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان یەکھەڵوێست بن و ھەر لایەنێک بە جیا گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نەکات و ھەموو کورد بە یەک تیم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن و کێشەکانیان چارە بکەن.
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆککۆمار گوتیشی: "جگە لەوەش، سەرۆککۆمار نێوەندگێری دەکات بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکان بکەن و لە خاڵە ناکۆکەکان لێکیان نزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی ھەموو کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکرێت."
لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی کە ڕیفراندۆمی بە نادەستووری داناوە، (عەلیاوەیی) گوتی: "مادام دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی داوە، پێویستە بەغداش ئەو سزایانەی سەر ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشێنێتەوە و ناکرێت لەمە زیاتر بەردەوام بێت."
پێشتریش یۆنامی لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێوەست بە پرسی عێراق داوای کرد، بەغدا گەمارۆکانی سەر فڕگەکانی هەرێمی کوردستان هەڵگرێت و دەست بە دیالۆگی جیددی بکات.
kdp-
