"ئەمەریکا بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا زیاتر کاڵ نەبێتەوە دەبێ پشتی کورد بگرێ"

(د. سامان شاڵی)، ئەکادیمی و شارەزای بواری دیپلۆماتی دەڵێت، پێویستە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بە خۆیدا بچێتەوە و پشتگری لە کورد بکات، دەڵێت، ئەگەر ئەمەریکا بە خۆیدا نەچێتەوە، ئەوا ڕووسیا دەست بەسەر گازی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەگرێت.

(د. سامان شاڵی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە حیکمەت و ھێزی بەغدا ڕووی نەدا، پێویستە ئەمەریکا بە وردی ئەم ڕووداوانە لەبەرچاو بگرێت، ئەگەرنا کاریگەریی لەسەر لاوازبوونی ھەژموون و ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەبێت، چونکە دوای ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتوو، ھیلالی شیعی بەرەو تەواوبوون دەچێت و ئەوکات بەغدا و تاران و دیمەشق و بەیرووت پێکەوە دەبەسترێنەوە و بەرەو وڵاتانی کەنداو شۆڕ دەبێتەوە، ئەمەش تەنیا بابەتەکە ئێران نییە، بەڵکۆ ڕووسیا ڕۆڵی بەرچاوی ھەیە."

لەبارەی ڕۆڵی ڕووسیا لە ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت بۆ بەھێزکردنی پێگەی ئابووریی خۆی، (شاڵی) دەڵێت: "بێگومان ڕووسیا بەرەو ئەوە ھەنگاو دەنێت، دەست بەسەر سەرچاوەکانی گازدا بگرێت لە ناوچەکەدا، پرسی یەکەم کۆتاییی ئەم شەڕە بۆ شەڕێکی ئابووریی گەورە دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەمەریکا لە کاتێکی زوودا بە خۆیدا نەچێتەوە، ئەوە دەشبینین چەندین کۆنگرێسمان داوایان کردووە، ئەمەریکا پشتگیریی کورد بکات بۆ ئەوەی ھێژمۆن و ڕۆڵی ئەمەریکا بەرەو کاڵبوونەوە نەچێت لە ناوچەکەدا."

زۆر جار ڕووداوە سیاسییەکان مەبەستێکی ئابووری و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلھێز دروستیان دەکات و چاودێران وای بۆ دەچن، بەشێک لە ململانێی ھێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بەرژەوەندیی ئابوورییە و ڕووداوەکان دروست کراون بۆ بازاڕی نەوت و چەک.

(د. سامان شاڵی) ڕوونی کردەوە: "ئەنجامی ھەموو کێشە و ئالۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ پرسی ئابووری، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئابوورییەکە مەترسییەکی گەورە بخاتە سەر وڵاتانی کەنداو، لە لایەکی دیکەوە ئێران بەرامبەر بە ئەوان و ڕۆڵی ئەمەریکاش لە لایەکی دیکەوە بۆ کڕینی چەک لەبیر نەکەین، ئەو وڵاتانەی چەکی قورس دەکڕن بە پارەی نەوت دەیکڕن، سەرچاوەی گاز ئەمڕۆ زۆر گرنگیی ھەیە بۆ ئەوروپا بەگشتی، چونکە ڕووسیا دەستی گرتووە بەسەر سەرچاوەکانی گازدا و دەیەوێت لە وڵاتانی دیکەوە، لە ناو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەستێکی باڵای ھەبێت، ئەویش بە ھاوکاریی ئێران، گەورەترین کێلگەی گاز لە سووریا دۆزراوەتەوە، لە دەریای سپیدا، ئەمە دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ ڕووسیا، تا کۆنتڕۆڵی ئابووریی ئەورووپاشی پێ بکات.".
kdp-
Top