کورتەباڵاکانی کوردستان لە ساڵڕۆژیاند داوای چاککردنی دۆخی ژیانیان دەکەن

 کورتەباڵاکانی کوردستان لە ساڵڕۆژیاند داوای چاککردنی دۆخی ژیانیان دەکەن
سکرتێری کۆمەڵەی کورتە باڵاکانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە بە شێوەیەکی گشتی دۆخیان ناھەموارە و ژمارەیەک داواکارییان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە.

عومەر جەبار، سکرتێری کۆمەڵەی کورتە باڵاکانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە 26/11/2017 لە بینای کۆمەڵەی کورتە باڵاکانی کوردستان لە سلێمانی چالاکییەکەمان بە بۆنەی رۆژی جیھانی کورتەباڵاکانەوە ساز دا، ھاوکات چەند داواکارییەکمان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەبوو، چونکە دۆخمان نا ھەموارە و سەرەکیترین داواکاریمان ئەوەیە کە مووچەکەمان کەم کراوەتەوە بۆ 90 ھەزار دینار، داوا دەکەین مووچەکانمان بکرێتەوە بە 150 ھەزار دینار".

سکرتێری کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان، ئەوەشی خستە روو، کە چەندین قوتابی کورتەباڵا ھەن، بەھۆی قەیرانی داراییەوە لە خوێندن دابڕاون، بۆیە داواکارن کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکاریان بن، بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

گوتیشی: "پڕۆژە یاسایەکمان ھەیە لە پەرلەمانی کوردستان و داواکارییەکانمان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە دایە، داوا دەکەین بکرێت بە یاسا بۆ ئەوەی لێی سوودمەند بین".










باسنیوز
Top