مەلا بەختیار: لەناو یەکێتیدا باسکردن لە لێکۆڵینەوەی کارەساتی کەرکووک رەت دەکرێتەوە

 مەلا بەختیار: لەناو یەکێتیدا باسکردن لە لێکۆڵینەوەی کارەساتی کەرکووک رەت دەکرێتەوە
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە باسکردن لە لێکۆڵینەوە لە کارەساتی کەرکووک رەت دەکرێتەوە.

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 26/11/2017، لە پێگەی تاییەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پۆستێکی بەناونیشانی (دۆخی یەکێتی و پروپاگەندە) کردووە و نووسیویەتی: "دۆخی یەکێتی، لەدوای یەکەمین کۆنگرەوە، ھێشتا ئاسایی نەبۆتەوە، کێشەی گەورەمان، نەمانی مەرکەزیەت و سزا و پاداشتە".

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە دوو ساڵە، بەئاراستەی جیابوونەوە، ترازان دوای ترازان، دەکرێتە ژیانی ناوخۆییان. ئەمەش، بەرژەوەندی ئابووری، مەرامی حزبی ‌و سیاسی ھاندەریانە.

دەشڵێت: "راستە کە وتراوە، دز بازاڕی شێواوی ئەوێ، راستیشە وتراوە ھەتا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت".

جەختی لەوەش کردوەتەوە، کە لەدوا کۆبونەوەی سەرکردایەتی، ئۆرگانە شەرعییەکان، دووچاری کێشەی زیاتر ھاتوون، ئەم ‌و ئەویش بەرژەوەندییان وادەخوازێ، بازاڕەکە زیاتر بشێوێنن، ھەتا لەپاڵ شێواندندا، مەرامبازی بەردەوام بێ.

مەلا بەختیار، نووسیویەتی: "باسی کۆنگرە دەکرێ، رەتی دەکەنەوە، باسی لێکۆڵینەوە لە کارەساتی کەرکووک دەکرێ، رەتی دەکەنەوە، باسی ساغبوونەوەی یەکێتی ‌و دژە یەکێتی دەکرێ، رەتی دەکەنەوە، کاردانەوەکان دەری دەخەن بەراستی دزی ئابووری، دزی سیاسی و دزی حیزبایەتی، بازاڕی شێواویان دەوێـت".










باسنيوز
Top