لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هۆشداری بە گۆڕان و یەکێتی دەدرێ
د.سەیوان حەمەعەلی، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لەفەڕەنسا ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ ئەوە بووە کە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان دوابخرێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی ھەردوو لایاندا نییە، بۆ ئەمەش ڕەنگە گرفتی سیاسی زیاتر بێتە پێشەوە تا ئەو کاتە ماوەی حکوومەت درێژ بکەنەوە بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق".
ھاوکات، ئەنوەر عەنەبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان گوتی: "ئێمە ھەڵوێستمان ڕاگەیاندووە کە ناکرێت ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دواکەوێت، چونکە دۆخی کوردستان ئەوە ھەڵناگرێت، ئەگەر لەڕێگای ھەڵبژاردن نەبێت، حکوومەتی باش درووست نابێت، ئێستاش کە باسی ئەوە دەکرێت یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ ئەوەن ھەڵبژاردن دوابخرێت، دەبێت حکوومەت گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، تا بڕوایان پێبھێنێت کە ھەڵبژادنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت".
لە بارەی دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەنوەر عەنەبی، ئەوەی خستە ڕوو، دۆخی کوردستان و حزبەکانیش باش نییە، بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان، چونکە دۆخی ناوخۆیان باش نییە و حزبەکانی دیکەش بەھەمان شێوە، بەڵام ”دەکرێت ھەڵبژاردن بکرێت لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ شەممە 25/11/2017، فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە شاری سلێمانی و ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەکێک لە ئەرکەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
هەرچەندە بڕیاربوو لە 1/11/2017، ھەردوو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان دواخران.
باسنیوز
