دیموکرات: حەشدی شەعبی لە کەرکووک ھەڕەشەی ڕاستەوخۆن لەسەر پارتەکانی ڕۆژهەڵات

 دیموکرات: حەشدی شەعبی لە کەرکووک ھەڕەشەی ڕاستەوخۆن لەسەر پارتەکانی ڕۆژهەڵات
سەرکردەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) باس لە مەترسی بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات لە کەرکووک، دەڵێت: "بوونیان مەترسییە لە ناوچەکەدا".

ئیبراھیم زێوەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لە ھەولێر، گوتی: "بوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک، ھەڕەشەی راستەوخۆیە لە حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەر لەوەی ھێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بێنە کەرکووک، وەک حزبی دیموکرات، ھاوکات وەک حزبەکانی دیکەی ڕۆژھەڵات ساڵی ڕابردوو، بە دیاریکراوی لە ٢٢ی دیسەمبەر، لە قەڵای دیموکرات لە کۆیە، دوو کردەوەی تیرۆرستی لەسەر ئێمە کرا و لە ئەنجامدا 5 پێشمەرگە و دوو کارمەندی ئاسایش شەھیدبوون".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوکات کە دۆخەکە ئاسایی بوو، “کردەوەی تیرۆریستی لە دژمان ئەنجام دەدرا”، ئێستا کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بوونیان ھەیە، “پێموایە ھەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان”.

لە بارەی ئاگادارکردنەوەی دۆخیان لەو مەترسییانە، ئەو بەرپرسەی (حدک) دەڵێت: "ئاگاداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان کردووە کە دەبێ حەشدی شەعبی دەسەڵاتی فراوان نەبێت لەو سنوورە".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.









باسنیوز
Top