ئاوارەکانی خورماتوو بە یاداشتێک داواکارییەکانیان دەخەنەڕوو

 ئاوارەکانی خورماتوو بە یاداشتێک داواکارییەکانیان دەخەنەڕوو
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 26/11/2017 ، ئاوارەکانی خورماتوو لە بەردەم ئیدارەی گەرمیان لە کەلار، خۆپیشاندانێکیان ساز کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا, د. فاخر داوودی، مامۆستای زانکۆ، یاداشتێکی بە ناوی ئاوارەکانی خورماتوو خوێندنەوە.

لە یاداشتەکەدا، ئاوارەکانی خورماتوو رایانگەیاندووە، دەیانەوێ بە هەموو لایەکی رابگەیەنن، کە دوای 40 رۆژ لە ئاوارەبوونیان، ”ھیچ لایەنێکی حکوومی نەهاتووە بەدەنگ و ھاوار و ھانامانەوە“.

ھاوکات لە یاداشتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە بێ دەنگیی ھەموو جیھان و حکوومەتی عێراق لە ئاست ئەو ستەمەی بە سەر کوردانی خورماتوودا ھاتووە، ”بێ دەنگییە لە پێشێلکردنی یاسا و بنپێکردنی مافەکانی مرۆڤ“.

ئەو ئاوارانە هۆشداریی دەدەن لەوەی، ئەگەر کێشەکانیان چارەسەر نەکرێن، ئەوا ”ھەرچی ڕێکاری دیکە ھەیە دەیگرینە بەر“.

هەر لە یاداشتەکدا، کە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزانی بیانی لە عێراق و رێکخراوە مرۆییەکان کراوە، هاتووە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی میلیشیایەکیام بە ناوی حەشدی تورکمانی دروست کردووە، کە دەستیان بە تاڵانکردن، سووتاندن و تەقاندنەوەی خانووی کوردانی خورماتوو کردووە، جگە لە ئەنجامدانی کاری نامرۆڤانە و دڕندانە بەرامبەر هاووڵاییانی کوردی سڤیل.

ئاوارەکانی خورماتوو چەند داواکارییەکیان خستە روو، کە بریتین لە:

- گەڕانەوەی ئاوارەکان بە زووترین کات.

- پێکھێنانی لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی خورماتوو.

- قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شاری خورماتوو.

- ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنیی خورماتوو و گەڕانەوەی ئاشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بۆ ھەموو لایەک.

-دابینکردنی ھێزێکی بێ لایەن بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی خورماتوو و سەرجەم ھاووڵاتییانی ئەو شارە بە بێ جیاوازی، ئەگەر پێویست بکات ھێزی ئاشتیخوازی نێودەوڵەتیش بێت.

ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".









باسنيوز
Top