لە دە مانگدا لە گەرمیان 771 حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمار کراوە

 لە دە مانگدا لە گەرمیان 771 حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمار کراوە
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ڕای دەگەیەنێت، لە گەرمیان هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ڕاگەیەندرا.

لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە گەرمیان دژ بە ئافرەتان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "لە ماوەی (10)مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لێکۆڵینەوە بۆ (771) حاڵەتی جۆراوجۆری توندوتیژیی خێزانی تۆمار کراوە، لەو ڕێژەیە دوو حاڵەتی خۆکوشتن و (11) حاڵەتی سووتان و هەشت حاڵەتی خۆسووتاندن لەگەڵ (9) حاڵەتی لاقەکردنی سێکسی تۆمار کراون ".

گوتیشی: "بەپێی ئامارەکە (741) سکاڵای جۆراوجۆر تۆمار کراوە کە لەو ڕێژەیە (517) سکاڵایان لەلایەن ئافرەتانەوە تۆمار کراوە و (224) سکاڵایان لەلایەن پیاوانەوە تۆمار کراون".

سەبارەت بە جیاوازیی ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئەمساڵ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان، ئەوەشی ئاشکرا کرد، حاڵەتی کوشتن لە 2106 دا دوو حاڵەت تۆمار کراوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ئافرەتان تۆمار نەکراوە.

هاوكات لەمیعە محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بە شێوەیەکی گشتی سکاڵا و توندوتیژییەکانی ئەمساڵ بە جیاواز لە ساڵی ڕابردوو زیادیان کردووە، بە جۆرێک لە (10) مانگی ساڵی ڕابردوو (554) حاڵەتی توندوتیژی و سکاڵا هەبووە، بەڵام ئەمساڵ زیادی کردووە بۆ 771 حاڵەت.

هەروەک لەمیانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، بە ئامادەبووانی بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان لە گەرمیان، هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە گەرمیان ڕاگەیەندرا.












باسنيوز
Top